حکوومەتی عێراق: "ئامادەین ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدەین"

دوا نوێکردنەوە: 2021-05-04 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ھەڵبژاردنەکان، عەبد حوسێن ھینداوی رایگەیاند کە لەسەر ئاستی جەماوەری و سیاسیی، پاڵپشتی ھەیە لەوەی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

عەبد حوسێن ھینداوی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندووە کە ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و گوتی:

"شەقاقی عێراقی و ھێزە سیاسییەکان پاڵپشتی لەوە دەکەن کە پڕۆسەکە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت".

ئاماژەی بەوەیشداوە کە حکوومەتی عێراق ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام دەدات و بۆ ئەو مەبەستەیش لە بواری ئەمنییدا، ئامادەکاریی کردووە.

پێشتر راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاسایشی ھەڵبژاردن، موھەند نەعیم رایگەیاندبوو کە حکوومەتی عێراق، ئامادەکارییەکانی لە بوارەکانی ئەمنیی و لۆجستیی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دەستپێکردووە.

وابڕیارە ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق لە ١٠ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت کە تیایدا ٢٥ ملیۆن و ١٣٩ ھەزار و ٣٧٥ دەنگدەر مافی بەشدارییکردنیان لە پڕۆسەکەدا ھەیە.