سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری تەندروستی و ژینگەی پەسەند کرد

دوا نوێکردنەوە: 2021-05-04 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری تەندروستیی و ژینگە، حەسەن تەمیمی پەسەند.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی بەڕێوەچوو و لە میانیدا راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی لە رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب پەسەندکرا.

دوای پەسەندکردنی راپۆرتی لیژنەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری تەندروستیی و ژینگە، حەسەن تەمیمی پەسەند.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، راسپاردەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی پێکھێنراو بەبڕیاری ژماری (١٤٠ بۆ ساڵی ٢٠٢١) لە بارەی رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب، پەسەندکرا.

بە گوێرەی راسپاردەکانی لیژنەکە کە لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا پەسەندکرا، بڕیاردرا بە سزادانی بەرێوەبەری نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب و یاریدەدەرەکەی ھەروەھا بەرپرسی بەرگریی شارستانی بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران و دوورخستنەوەیان لە پۆستەکانیان، ھەروەھا داگرتنی پلەی وەزیفی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە.

ھەر بە گوێرەی راسپاردەکانی لیژنەکە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاریدا بە کۆتاییھێنان بە راگرتنی کارەکانی وەزیری تەندروستیی و ژینگە و پارێزگاری بەغدا کە بەپێی بڕیاری ژماری (١٤٠ بۆ ساڵی ٢٠٢١) بڕیاری راگرتنی کارەکانیان درابوو تاوەکو ئەنجامی کارەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە تەواودەکرێن و راپۆرتی لیژنەکە پەسەند دەکرێت.

دوای پەسەندکردنی راپۆرتی لیژنەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری تەندروستیی و ژینگە، حەسەن تەمیمی پەسەند.

رۆژی ٢٤ی ئەم مانگە ئاگر لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب کە تایبەتکرابوو بە چارەسەرکردنی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەغدا کەوتەوە و بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ، لە رووداوەکەدا ١٣٠ کەس گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیکەش برینداربوون.

دوای رووداوەکە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەو رووداوە بە سەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆ و ئەندامێتی ھەریەک لە وەزیری پلاندانان، وەزیری داد، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و نوێنەری ئەنجوومەنی نوێنەران پێکبھێنرێت.

ھەر بەھۆی کارەساتەکەی نەخۆشخانەی ئبین خەتیب، کار و ئەرکی ھەریەک لە وەزیری تەندروستیی، پارێزگاری بەغدا و بەڕێوەبەری فەرمانگەی گشتیی تەندروستیی رەسافە، ھەڵپەسێردرا و رەوانەی لێکۆڵینەوە کران.