کەرکووک.. فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو کەسە دەرکرا کە هێرشی کردە سەر هێزێکی پۆلیسی فریاکەوتن

دوا نوێکردنەوە: 2021-05-06 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایگەیاند، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو کەسە دەرکرا کە هێرشی کردە سەر مەفرەزەیەکی هێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتن لە پارێزگای کەرکووک.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تیایدا دەردەکەوێت پاسەوانی یەکێک لە ئەندامانی بەرەی تورکمانی لە کەرکووک هێرش دەکاتە سەر مەفرەزەیەکی پۆلیسی فریاکەوتن کە لە کاتی ئەرکدابوون لە شارەکەدا، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو کەسانە دەرکرا کە ئەو کارە ئەنجام دەدەن.

لە راگەیەنراوەکەدا جەخت لەو کراوەتەوە کە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو کەسەی کە ئەو کارەی ئەنجامداوە لە چوارچێوەی رژدبوونە لەسەر پاراستنی شکۆی هێزە ئەمنییەکان بەهەموو جورێک رەتکردنەوەی سەرپێچیکردنە بۆسەر ئەو دامەزراوەیەی کە کاردەکات بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی تاوان و تیرۆر و بەهێزکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتیی.