ئەندامێکی ئەنجومەنی حەویجە: داعش خەتێکی لۆجستی بۆ دەستخستنی خۆراک و تەقەمەنی دروستکردووە

دوا نوێکردنەوە: 2021-05-08 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ئەندامێکی ئەنجومەنی قەزای حەویجەی ڕۆژاوای کەرکوک ئاماژەبەوەدەکات، داعش لە سنوری قەزای حەویجە سەرقاڵی هێز کۆکردنەوەیە، لەکاتێکدا فەرماندە سەربازیەکانی سوپای عێراق بێزاربوون و ڕۆحیەتی بەرگریان نەماوە. لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئەحمەد خورشید دەڵێت"داعش بزووتنەوەیەکی ئاینیە، بۆیە هێرشەکانی لەمانگی ڕەمەزان دا چڕکردووەتەوە، تا چەکدارەکانی گەرم و گوڕبن." جەختیشیکردەوە "ناوچەکە کە جوڵەی داعشی تێدایە پەراوێزخراوە، پاشان فەرماندە عێراقیەکان لەناوچەکەدا بێزاربوون و ڕۆحیەتی بەرگریان نەماوە." سەبارەت بەهۆکاری بێزاربوونی فەرماندە سەربازیەکان و بەرگری نەکردنیان، ئەحمەدخورشید وتی"فەرماندەکان دەبینن لە نێو سەنگەردان و ماندوودەبن، لەولاشەوە سیاسیەکان خەریکی شتی ترن، ڕۆحیەتی بەرگریان تەواو لاوازبووە." بەپێی وتەی ئەندامەکەی ئەنجومەنی قەزای حەویجە، زۆربەی چەکدارەکانی داعش کە لەناوچەکەدان، لەنێو تونێل و ناوچە سەختەکاندا جێگەیان بۆ خۆیان چاککردووە و لەگەرما و سەرما پارێزراون، وتی"داعشەکان خەڵکی ناوچەکەن، جم و جۆڵیان زیاتر لە ناوچە کێشە لەسەرەکان چڕکردووەتەوە." ئەحمەد خورشید، پێیوایە داعش توانای هێرشی گەورەیان نیە، بەشێوەیەک بتوانن ناوچە کۆنترۆڵ بکەن، چونکە ژمارەی چەکدارەکانیان زۆر نیە و نایانەوێت قوربانی زۆر بدەن." لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئەحمەد خورشید ئەندامی ئەنجومەنی قەزای حەویجە، ڕوونیکردەوە لەڕێگەی کەس و کارەکانیانەوە خۆراک دەگاتە چەکدارەکانی داعش، ئەمە جگە لەوەی هێڵێکی لۆجستیان دروستکردووە بۆ دەستخستنی چەک و خۆراک و خۆیان دەزانن ئەو هێڵە چۆن بەکار دەهێنن. بەدرێژایی مانگی ڕەمەزان و ماوەی زیاتر لە 20 ڕۆژە، داعش لە پارێزگاکانی دیالە، کەرکوک،سەڵاحەدین و ناوچە سونەنیشینەکانی عێراق، هێرشەکانیان چڕکردووەتەوە، بەشێوەیەک کەم شەو هەیە پەلاماری چەند ناوچەیەک نەدەن.