سەگڤان هالو
لە ماوەی ئەم چەند ساڵانەدا هەرێمی كوردستان هەڵبەزین و دابەزینی زۆری بە خۆیەوە بینیوە هەم لەلایەك ڕووبەڕووی چەندین هەڕەشە و مەترسی گەورە بوویەوە، لەوانەش بڕینی قوتی خەڵك و پەلامارەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش و دواتریش هێرشی حەشدو سوپای فیدراڵی عێراق و هاتنی شەپۆڵێكی زۆری ئاوارەكان، هەموو ئەمانە بوونە هۆی دروستكردنی بارگرانییەكی گەورە بۆ سەر هەرێمی كوردستان و هەرێمیان ڕووبەڕووی دوخێكی سیاسی، ئابووری و دارایی ناهەموار كردەوە.
شایەنی باسە ئامانجی سەرەكی لەم هەڕەشە و پەلامارانەی سەر هەرێمی كوردستان بۆ لەنێوبردنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان بووە، بەڵام ئیرادەی بەهێزی سیاسیی پارتی و بارزانی بە تایبەت كە چۆكیاننەدا و تەسلیم نەبوونە بە دوژمنانی كوردستان، توانی خەونی ناحەزان و داگیركارانی كوردستان لە گۆڕ بنێت و مەرامە سیاسییە بۆگەنەكەیان پووچەڵ بكاتەوەو وانەیەكیان پێبدات كە چیتر جورئەتی ئەوەیان نەبێت دەستدرێژی بكەنە سەر خاكی پیرۆزی نیشتیمان.
سیاسەت كردن بە ئەقڵانیەت و لۆژیكەوە هەموو كات سەركەوتن بەدوای خۆیدا دەهێنێت، هەوڵە دیبلۆماسیەكانی ڕێزداران نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لەسەر ئاستی نێوخۆیی و عێراق و ناوچەكە و دەوڵەتە زلهێزەكانی دونیا ڕاكێشانی سەرنجی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی لە سەر هەموو ئاستەكاندا لێكەوتەوە كە هاوكات لەگەڵ ئەو پێشهات و گۆڕانكارییە سیاسییانەدا هەنگاوی بۆ هاوێژرا و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كە هەرێمی كوردستان جارێكی تر سەنگ و پێگەی بەهێز ببێتەوە و قۆناغ بە قۆناغ بكەوێتەوە سەر ئاراستەی ئاسایی خۆی.
بۆیە ئەمڕۆ وا بەچاوی خۆمان دەبینین كە پێگەو سەنگی هەرێم لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و عێراقیدا تا چ ڕادەیێك بەرەو پێشڤەچوونی بە خۆیەوە بینیوە و گەیشتۆتە چ ئاستێك. بەڵێ هەرێمی وەك تاكە هەرێم ئەمڕۆ بە فەرمی بانگهێشت دەكرێت لە كۆڕبەندە ئابوورییەكان و كۆنفرانسە ئەمنییەكانی جیهان وەكو دەوڵەتێك مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.
لە كۆتاییدا دەڵێم خۆشبەختانە هەرێمی كوردستان لە كاتی ئێستادا لە سەر ئاستی جیهانیدا بایەخێكی زۆری پێدەدرێت، چونكە دەسەڵاتی سیاسیی هەرێم كە پارتی دیموكراتی كوردستان تیایدا پێشەنگە وەك حزبی یەكەم توانیویەتی ڕۆڵێكی مەزن و گرنگ بگێڕێت لە ڕووی سیاسی و دیبلۆماسی و ئەمنیەوە، واتە سەقامگیری سیاسی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی بپارێزێت و هاوسەنگی ڕابگرێت لە نێوخۆو دەرەوەدا.