كەركووك-KDP.info- بەرپرسێكی كورد لە كەركووك پێی وایە، رەوشی كەركووك رۆژ بەڕۆژ بەرەو خراپی دەچێت و دەشڵێ، تێكچوونی رەوشی عێراق، كاریگەریی لەسەر رەوشی ئەمنی هەبووە.
محەمەد كەمال، سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "مەترسیی داعش بۆ سەر كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان زیادی كردووە، ھۆكارەكەیشی بۆ لاوازیی ھێزەكانی عێراق دەگەڕێتەوە، چونكە كاتی خۆی كە ھێزی پێشمەرگە لەو سنوورانە جێگیر كرابوو، داعش نەیدەتوانی دزە بكاتە ناوچەكانی كەركووك و ئەنجامدانی تەقینەوەكانیش كەمتر بوون".
سەرۆكی لیستی برایەتی گوتیشی: "ھەندێ ناوچە ھەیە ھێزە عێراقییەكان دەسەڵاتێكی كەمیان تێدا ھەیە و چەكدارانی داعش تێیدا جووڵەیان زیاترە، بەداخەوە رەوشی كەركووك رۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتر دەچێت".
كەمال ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئاڵۆزییەكانی ئێستای عێراق كاریگەرییان لەسەر تێكچوونی رەوشی ئەمنی ھەیە، چونكە عێراق بە گشتی بەرەو بێیاسایی دەچێت، ئەوەش ھۆكارێكە بۆ تێكچوونی رەوشی ئەمنی".
قائید میرۆ