له‌سه‌ر کوشتنی قاسم سولەیمانی، ئێران هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات

دوا نوێکردنەوە: 2021-05-10 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگه‌یاند، ئەوانەی دەستیان لە کوشتنی قاسم سولەیمانیدا هەبووە سزای خۆیان وەردەگرن.

ئەمڕۆ دووشەممە 10ی ئایار، سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی یٔێران لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا و لە بەشێکی ئەو کۆنگرەیەدا ئاماژەی بە راپۆرتەکەی ماڵپەڕی یاهوو نیوزی ئەمریکی کرد کە تایبەت بوو بە ئۆپەراسیۆنی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و رایگەیاند: بەدواداچوون بۆ تیرۆرکردنی سولەیمانی لە دەسەڵاتی دادوەری و کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان و دیالۆگی دوولایەنەی سیاسی و یاسایی و ئەمنی لەگەڵ حکوومەتی عێراق دەکرێت و ئەوانەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەم کوشتنە ترسنۆکانەدا بەشدارییان کردووە بێگومان بەرپرسیارێتی تاوانبار و دادوەرییان لەیٔەستۆیە و رێکاری تایبەتی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر.

له‌باره‌ى هێرشكردنه‌ سه‌ر كۆنسوڵخانه‌ى وڵاته‌كه‌ى له‌ كه‌ربه‌لا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوەی ئاشکرا کرد کە هێرشەکەی سەر کۆنسولخانەی وڵاتەکەیان ئیدانە کردووە و ناڕەزاییەتی خۆشیان بە باڵیۆزی عێراق لە تاران راگەیاندووە و گوتی: "راستەخۆ دوای رووداوەکە پەیوەندیمان بە بەرپرسانی عێراق-ەوە کرد و داوامان لێکردن رێگری لە خۆپیشاندەران بکەن. هیوادارین حکوومەتی بەغدا بەرپرسیاریەتی خۆی بۆ پاراستنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان بەجێبهێنێت".

سەعید خەتیبزادە باسی لەوەشکرد کە بەشێوەیەکی ئەرێنی پێشوازی لە دانوستانەکانی تاران-ریاز دەکەن و جەختی لەوەشکردەوە کە کۆتاییهاتنی گرژییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە و دروستبوونی پەیوەندی لەنێوانیاندا بەسوودی هەمووانە.