حکومەتی ژاپۆن پلانی وایە رۆژانە یەک ملیۆن ڤاکسین لە هاووڵاتییانی بدات

دوایین نوێکردنەوە 2021-05-10 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

حکوومەتی ژاپۆن لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ ئامانجیەتی رۆژانە یەک ملیۆن ڤاکسین لە هاووڵاتییانی بدات.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی کیۆدۆ-ی ژاپۆنی، لە چوارچێوەی رێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، سوگا یۆشیهیدا پلانی وایە رێژەی کوتان بۆ سێ هێندەی ئێستا بەرزبکاتەوە.

سوگا یۆشیهیدا لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئاشکرایکرد کە ئامانجیانە رۆژانە یەک ملیۆن ڤاکسین لە هاووڵاتییانیان بدەن.

بەو پێیەش لە ماوەی حەوت مانگدا تەواوی ئەو هاووڵاتییە ژاپۆنییانەی تەمەنیان لە سەروو ١٦ ساڵەوەیە هەردوو دۆزی ڤاکسین وەردەگرن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە، تا ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی دۆزی یەکەمی ڤاکسینییان وەرگرتووە، سێ ملیۆنی تێپەڕاندووە ئەمەش نزیکەی سەدا دووی دانیشتوانی ئەو وڵاتەیە.

لە مانگی شوباتی رابردوودا وەزارەتی تەندروستیی ژاپۆن بەفەرمی مۆڵەتی بەکارهێنانی بە ڤاکسینی فایزەر دا، چاوەڕێش دەکرێت لەم مانگەدا مۆڵەتی بەکارهێنان بە ڤاکسینی مۆدێرنا-ش بدرێت.