سۆران-KDP.info- حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا بە كۆی دەنگ پرۆژەی چاكسازیی پەسەند كرد و ئەمڕۆ (١٢-١٢-٢٠١٩) ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان کرا. هاووڵاتیانیش ئۆمێدێكی زۆریان بەو پرۆژەیە هەیە و داواكارن لە پەرلەمان بەربەست لە بەردەم پرۆژەی چاكسازی دروست نەكرێت و لە ماوەیەكی زوودا پەسەند بكرێت.
ڕەشنووسی پرۆژەیاسای چاكسازی، یەكەم پرۆژەیاسایە كە كابینەی نۆیەم ئاراستەی پەرلەمانی دەكات، بەپێی پەیڕوی ناوخۆی پەرلەمانیش ئەولەویەت بۆ ئەو پرۆژەیاسایانەیە، كە حكوومەت ڕەوانەی پەرلەمانیان دەكات. بەپێی ڕاگەیەندراوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی كۆبوونەوەكەوە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوە دا، چاكسازی، پرۆسەیەكی بەردەوامە و لە هەنگاوەكانی داهاتوودا گشت كەرتەكان دەگرێتەوە، "لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم، بەڵێنمان دابوو ئەم پرۆژە یاسایە بنێرین بۆ پەرلەمان".
ڕازی سدیق، فەرمانبەری حكوومی لە سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سەرۆكی حكوومەت بەڵێنەكانی جێبەجێ دەكات و ئەو بەڵێنانەی بە ئێمەی دابوو زۆربەیان جێبەجێ كراون، دوێنێ پرۆژەیاسای چاكسازی لە حكوومەت پەسەند كرا و ئەمڕۆ ڕەوانەی پەرلەمان کرا، هیوادارین لە پەرلەمانیش بەربەستی بۆ دروست نەكرێت و لە ماوەیەكی نزیكدا پەسەند بكرێت، بۆ ئەوەی بكەوێتە خزمەتی هاووڵاتیان."
تازیا محەمەد، فەرمانبەری كەرتی كارەبا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هەرێمی كوردستان پێویستی بەوە هەیە چاكسازی لە هەموو بوارەكانەوە بكات، ئەوە سەرۆكی حكوومەت دەستی داوەتێ و خەڵك دڵیان بەو چاكسازییانە خۆشە و دووبارە ئۆمێدیان بۆ پەیدا بووە."
گوتیشی: "بەهۆی پڕۆژەی چاكسازییەوە بە دەیان ملیۆن دینار بۆ خەزێنەی حكوومەت دەگەڕێتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو داهاتە لە بواری تردا خەرج بكرێت و پڕۆژەی پێ دروست بكرێت و كوردستان ئاوەدانتر بكرێتەوە، بۆیە داواكارین هەرچی زووە ئەو پرۆژەیە پەسەند بكرێت و دەست بە جێبەجێكردنی بكرێت."
وەهاب عەزیز، شارەزای بواری ئابووری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "پرۆژەی چاكسازی، پرۆژەیەكی گرنگە و بە پەسەندكردنی لە پەرلەمان، زیاتر لە 100 ملیار دینار بۆ خەزێنەی حكوومەت دەگەڕێتەوە، جگە لەوەی مووچەی خانەنشینانیش لە 400 هەزار كەمتر نابێت، ئەوەش بۆ خانەنشینان باشە، هەروەها مووچەی بندیوار و خانەنشینیی نایاسایی ناهێڵێت، چاكسازی لە خانەنشینیی پلە باڵاكان و مووچە و دەرماڵە دەكرێت، جگە لەوەی ئەو پرۆژەیە كاریگەریی لەسەر بێكاری، هەژاری و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان دەبێت".
ڕابین شێروانی