سه‌ركرده‌یه‌كی سوننه‌كان: هه‌ر حكوومه‌تێك بێ كورد و به‌ ته‌نها لایه‌نێك بێت لاواز دەبێت و سه‌ركه‌وتوو نابێت

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-19 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

به‌غدا -KDP.info- سه‌ركرده‌یه‌كی سوننه‌كان گوتی، پێوسته‌ حكوومه‌تی نوێی عێراق به ‌به‌شداریی هه‌رسێ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كیی عێراق بێت، به‌تایبه‌ت كورد، ئه‌گه‌رنا حكوومه‌تێكی لاواز ده‌بێت و به‌هێز نابێت و ناتوانێ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر محه‌مه‌د عه‌لاوی ده‌یه‌وێت حكوومه‌تێكی به‌هێز پێک بێنێت، پێویسته‌ كورد و سوننه‌ به‌شداریی ڕاسته‌قینه‌یان  له‌ حكوومه‌تی نوێدا هه‌بێت، ئه‌گه‌رنا شه‌رعیه‌تی نابێت.

سه‌ركرده‌ی سوننه‌كان و ئه‌ندامی ئیئتیلافی نیشتمانیی عێراق، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌یاد عه‌لاوی، د. عه‌لا مه‌كی، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پێویسته‌ حكوومه‌تی عێراق كه‌ دروست ده‌كرێت كێشه‌كانی عێراق چاره‌سه‌ر بكات و عێراق له‌و قه‌یرانه‌ ڕزگار بكات و چاكسازی بكات و حكوومه‌تێكی لاواز نه‌بێت و بۆ ئه‌وه‌ی به‌هێز بێت، پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان و پێكهاته‌كان به‌شدار بن، به‌تایبه‌ت ئه‌و لایه‌نانه‌ی ده‌یان ساڵه‌ خزمه‌تیان هه‌یه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ لایه‌نه سه‌ره‌كییەکان به‌شداریی ڕاسته‌قینه‌یان هه‌بێت و خۆپیشانده‌رانیش پێی ڕازی بن، بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌تێك بێت، شه‌رعیه‌تی هه‌بێت."

د. عه‌لا مه‌كی گوتیشی: "پێویسته‌ حكوومه‌تی داهاتوو هه‌رسێ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كیی عێراق له‌خۆی بگرێت، كورد و سوننه‌ و شیعه‌، به‌تایبه‌تی كورد، كه‌ خه‌باتی زۆریان بۆ ڕزگاركردنی عێراق كردووه‌ و قوربانیی زۆریان داوه‌ و ڕۆڵێكی كاریگه‌ریان هه‌بووه‌، بۆیه‌ حكوومه‌ت بێ كورد دروست نابێت و پێویسته‌ به‌شداری ڕاسته‌قینه‌ بن."

مه‌كی باسی له‌وه‌ش كرد: "له ‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووش ئه‌یاد عه‌لاوی، سه‌رۆكی ئیئتیلافی نیتشمانی و سه‌رۆك بارزانی باسیان له‌وه ‌كرد كه‌ پێویسته‌ حكوومه‌تێك به‌ به‌شداریی هه‌موو لایه‌نه‌كان پێک بێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌هێز بێت و بتوانێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، چونكه‌ حكوومه‌ت ته‌نها به ‌لایه‌نێك ناتوانێت كێشه‌كانی عێراق چاره‌سه‌ر بكات."

 

بڵند ئیبراهیم