پەیامی سەرەخۆشیی سەرۆك بارزانی بۆ كەسوكاری شەهیدانی گوندی چەخماخە

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-19 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

شەوی ڕابردوو تیرۆریستانی داعش پەلاماری گوندی چەخماخەی سەر بە شارۆچكەی دوز لە ڕۆژئاوای كەركووكیان دا و بەداخەوە لە ئەنجامدا چوار هاووڵاتی شەهید و سێ هاووڵاتیی تریش بریندار بوون.

سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری شەهیدانی ئەو ڕووداوە تیرۆریستییە دەكەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین و هیوای چاكبوونەوەیش بۆ برینداران دەخوازین.

ئەو ڕووداوە و چەندین ڕووداوی هاوشێوەیش بە ڕوونی پێشان دەدات كە تیرۆریستانی داعش بۆشایی ئەمنی و ناسەقامگیرییان بۆ خۆڕێكخستنەوە و بەهێزبوونەوەیان قۆستوەتەوە. هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاسایش و ژیانی خەڵك هەر ماوە و پێویستە بە هەند وەربگیرێت.

هەر بۆیەش دەبێ هەماهەنگی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی و هاوپەیمانان بۆ نەهێشتن و بنبڕكردنی هەڕەشەی تیرۆر بەردەوام بێت و بەهێزتر بكرێت و، هەروەها كۆتایی بەم بارودۆخە ناسرووشتییە ئەمنی و سەربازییەش بێت كە لەم ناوچانەدا كراوەتە ئەمری واقع.

مسعود بارزانی
19ـی 2ـی 2020