نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهان زیاتر به‌رز ده‌بێته‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2021-05-13 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهان، بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینی و نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت لە 70 دۆلار نزیکدەبێتەوە و نرخی نەوتی خاوی ئەمریکاش گەیشتە 66 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

بەپێی ئاژانسی بلومبێرگ، نرخی نەوتی خاوی برێنت لەبازاڕەکانی جیهاندا 0.70 دۆلار بەرزبوەوە کە ڕێژەی 1.02%ی نرخەکەیەتی و بەوەش لەئێستادا بە 69.62 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

هەروەها، نرخی نەوتی خاوی ئەمریکاش 0.72 دۆلار بەرزبوە کەڕێژەی 1.10%ی نرخەکەیەتی و بەوەش نرخی هەر بەرمیلێک گەیشتە 66 دۆلار.

به‌گوێره‌ی داتاكانی، گروپی ناوه‌نده‌ پیشه‌سازی په‌یمانگای نه‌وتی ئه‌مریكی ئه‌مریكا، له‌ 7ی (ئایار/5)ی ئه‌مساڵه‌وه‌، به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و عه‌ماركردنی له‌ كۆگاكان، به‌رێژه‌ی 2.5 ملیۆن به‌رمیل له‌ هه‌فته‌یه‌كدا كه‌میكردوه‌، ئه‌مه‌ش ترس و نیگه‌رانی دروستكردوه‌ و چاوه‌ڕوانده‌كرێت نرخه‌كه‌ی زیاتر به‌رزببێته‌وه‌.

كه‌مبونه‌وه‌ی نه‌وتیش له‌كۆگاكانی ئه‌مریكا دوای ئه‌وه‌ هات، هه‌فته‌ی رابردو كرایه‌ ئامانجی هێرشێكی فراوانی ئه‌لیكترۆنی، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ ناچاركرا چیتر نه‌توانێت نه‌وت له‌ڕێگه‌ی بۆریه‌وه‌ بۆ كۆگاكانی بگوازێته‌وه‌ له‌كاتێكدا رۆژانه‌ 2.500.000 (دو ملیۆن و پێنجسه‌د هه‌زار) به‌رمیل نه‌وتی عه‌مبار ده‌كرد.

به‌گوێره‌ی شیكه‌ره‌وه‌كانی بازاری وزه‌ له‌ ئه‌مریكا به‌هۆی زیادبونی خواست و به‌نزمی هێشتنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت، پێشبینی ده‌كرێت تاكۆتایی ئه‌مساڵ نرخی نه‌وتی برێنت له‌نێوان 70 بۆ 80 دۆلاردا جێگیربێت.