دەسەڵاتی فەڵەستین رەخنە لەبێدەنگی ئەمریكا دەگرێت

دوایین نوێکردنەوە 2021-05-15 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

ديجيتاڵ میدیای سپێده‌

ده‌سه‌ڵاتی فه‌ڵه‌ستین، بێده‌نگی ئه‌مریكا، وه‌ك رێگاخۆشكه‌ری كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی كه‌رتی غه‌ززه‌، قودس وكه‌ناری رۆژئاوا، ناوده‌بات.

له‌باره‌ى هێرشه‌كانى ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتى غه‌ززه‌ وقودس وكه‌نارى رۆژئاوا، نه‌بیل ئه‌بو روده‌ینه‌ گوته‌بێژى سه‌رۆكایه‌تى ده‌وڵه‌تى فه‌ڵه‌ستین رایگه‌یاندوه‌: ئیسرائیل، گه‌ل، خاك وپیرۆزییه‌كانی فه‌ڵه‌ستینی كردوه‌ته‌ ئامانج وبه‌مه‌ش زیانی به‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ناوچه‌كه‌ وجیهان گه‌یاندووه‌، جه‌ختی له‌وه‌ش كردوه‌ته‌وه‌: ئیسرائیل ناوچه‌كه‌ به‌ئاقارێكدا ده‌بات كه‌هیچ كه‌سێك نایه‌وێت.

له‌باره‌ی پشتیوانییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ ئیسرائیل ئاماژه‌ى به‌وه‌كردوه‌: بێده‌نگی ئه‌مریكا له‌به‌رامبه‌ر كاره‌كانی ئیسرائیل، رێگای بۆ كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی كه‌رتی غه‌ززه‌، قودس وكه‌ناری رۆژئاوا، خۆشكردووه‌.

روده‌ینه‌ راشیگه‌یاند: ئه‌مریكا تاكه‌ وڵاتی جیهانه‌ بتوانێت په‌لاماره‌كانی ئیسرائیل بوه‌ستێنێت، وده‌شڵێت: ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا لایه‌نگری ئاسایشی جیهان وناوچه‌كه‌یه‌، ئه‌وا داوای لێده‌كه‌ین هه‌نگاوی جددی بۆ وه‌ستاندنی ئه‌م په‌لامارانه‌ بگرێته‌به‌ر.

گرژییه‌كان له‌سه‌ره‌تای مانگی ره‌مه‌زانه‌وه‌ وبه‌هۆی په‌لاماره‌كانی ئیسرائیل بۆسه‌ر گه‌ڕه‌كی شه‌یخ جه‌ڕاح ومزگه‌وتی ئه‌قسا به‌رده‌وامن و رۆژی حه‌وتی ئایار به‌هۆی به‌كارهێنانی گولله‌ی پلاستیكی وبۆمب ده‌نگی بۆ بڵاوه‌پێكردنی خۆپیشانده‌ران، گرژییه‌كان هه‌ڵكشانیان به‌خۆوه‌بینی وچه‌ندین هاوڵاتى فه‌ڵه‌ستینى بونه‌ته‌ قوربانى.