دیجیتال میدیای سپێده
لیژنەى پەروەردەى پەرلەمان پێشنیارى هەژمارکردنى نمرەى نیوەى ساڵ بۆ کۆتایى ئەمساڵى قۆناغە ناکۆتاکان پێشکەش دەکات و بۆ قۆناغى شەشەمی ئامادەیش جەخت لەسەر ئەنجامدانى تاقیکردنەوە دەکات.
تەعمە لهێبى، بڕیاردەرى لیژنەى پەروەردە لەپەرلەمانى عێراق (17ى ئایارى 2021) لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى هەواڵى عێراقییە ڕایگەیاند، لیژنەکەیان پێشنیارى کردووە بۆ دیاریکردنى پلەى هەڵسەنگاندنى قوتابیانى قۆناغە ناکۆتاکان نمرەى نیوەى ساڵیان بۆ هەژمار بکرێت.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، ئەو پێشنیارەش بەهۆى بارودۆخى تەندروستى و هەڵکشانى ڕێژەى دووچاربوون بەپەتاکەوە خراوەتە ڕوو چونکە دواى کردنەوەى دەوام ژمارەکان زیادى کرد و ئەوەش بووە هۆى ئەوەى لیژنەى تەندروستى و سەلامەتى ڕێوشوێنى داخستنى قوتابخانەکانى گرتە بەر و بۆ ئەوەش دەکرێت پشت بەمیکانیزمەکانى ساڵى ڕابردوو بۆ ئەم ساڵ ببەسترێت.
لهێبى ئەوەشى ڕوونکردووەتەوە، ئەم دۆخەى ئێستا لەبەردەم دوو بژاردەدایە، یەکەمیان ئەوەیە پشتببەسترێت بە نمرەى نیوەى ساڵ وەکو نمرەى کۆتایى، دووەمیش ئەوەیە کە دەست بکرێت بەتاقیکردنەوەکان ئەوەش کارێکى ئاستەمە چونکە قوتابى هەموو بابەتە زانستیە بڕیار لێدراوەکانى نەخوێندووە بەهۆى ئەو دۆخەوە.
ئەندامەکەى لیژنەى پەروەردە باسى لەوەش کردووە، بۆ قۆناغە کۆتاکانیش دەبێت قوتابییان تاقیکردنەوەکانیان ئەنجام بدەن بەتایبەت بۆ قۆناغى شەشەمى ئامادەیى.