زوممار.. دژی گواستنەوەی خێزانی داعشەكان بۆ كەمپی "عەمەل" خۆپێشاندان بەڕێوە دەچێت

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-20 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

زو‌ممار-KDP.info- دوای ئەوەی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دەستی كرد بە دروستكردنی كەمپی "عەمەل" لە سنووری ناحیەی زوممار بۆ گواستنەوەی خێزانی داعشەكان لە سووریاوە، ڕاستەوخۆ ناڕەزایی خەڵكی سنوورەكەی لێ كەوتەوە، بەڕێوەبەری ناحیەی زومماریش دەڵێت، ئەمڕۆ خۆپێشاندان لە دژی دروستكردنی كەمپەكە و گواستنەوەی خێزانە داعشەكان ئەنجام دەدرێت.

ئەحمەد جەعفەر گەرگەری، بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمرۆ پێنجشەممە،‌ لە دژی دروستكردنی كەمپی (عەمەل) لە سنووری ناحیەی زوممار بۆ گواستنەوەی خێزانی تیرۆریستانی داعش لە كەمپی (هۆل) لە سووریا، بڕیارە خۆپێشاندانێكی فراوان بەڕێوە بچێت و ناڕەزایی خۆمان دەرببڕین لە بەرامبەر ئەو كارەی‌ حكوومەتی عێراق".

بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار دەشڵێت: "هەر ئەمڕۆ بۆ گوێگرتن لە گازندە و ناڕەزایی خەلكی سنوورەكەمان لەسەر دروستكردنی كەمپی (عەمەل) شاندێكی حكوومەتی خۆجێی پارێزگای نەینەوا و هەروەها وەفدێكی پەرلەمانی عێراقیش سەردانی ناحیەی زوممار دەكەن بۆ گەیاندنی داواكەمان بە بەغدا، بۆ ئەوەی دروستكردنی كەمپەكە ڕابگیرێت و خێزانی تیرۆریستانیش بۆ سنوورەكەمان نەگوازرێنەوە".

گەرگەری گوتیشی: "دروستكردنی ئەم كەمپە بێ پرس و ڕەزامەندیی حكوومەتی خۆجێی نەینەوا و بەڕێوەبەری ناحیە و قایمقام و پارێزگاری مووسڵ بووە، هەتا ئێستاش حكوومەتی عێراق بەردەوامن لە دروستكردنی كەمپەكە و خەڵكی ئێمە و سنوورەكەش ناڕازین لەو كارە".

 

نەشوان بەرزنجی