"پێشبینی دەكرێت لە ماوەی یەك یان دوو رۆژدا، ئاگربەست لە كەرتی غەززە رابگەیەندرێت"

دوایین نوێکردنەوە 2021-05-20 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

جێگری سه‌رۆكی مه‌كته‌بی سیاسیی حه‌ماس، موسا ئه‌بو مه‌رزوق رایگه‌یاند كه‌ پێشبینی ده‌كه‌ن له‌ ماوه‌ی یه‌ك یان دوو رۆژدا، ئاگربه‌ست له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ رابگه‌یه‌ندرێت.

موسا ئه‌بو مه‌رزوق له‌ لێدوانێكیدا بۆ كه‌ناڵی ته‌له‌ڤیزیۆنی ئه‌لمیادین كه‌ ناوه‌نده‌كه‌ی له‌ لوبنانه‌، باسی له‌وه‌ كرد كه‌ چاوه‌ڕوانن ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست ده‌درێن سه‌ركه‌وتووبن.

جێگری سه‌رۆكی مه‌كته‌بی سیاسیی حه‌ماس، موسا ئه‌بو مه‌رزوق گوتیشی: پێشبینی ده‌كه‌م له‌ ماوه‌ی یه‌ك یان دوو رۆژدا، ئاگربه‌ست له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ رابگه‌یه‌ندرێت.

ئه‌بو مه‌رزوق باسی له‌وه‌ كرد كه‌ ئیسرائیل هێزی ئه‌وه‌ی نییه‌ له‌ زۆر به‌ره‌دا شه‌ڕ بكات، له‌به‌رئه‌وه‌ ته‌ل ئه‌بیب زۆر نیگه‌رانه‌ له‌ كردنه‌وه‌ی ده‌رگاكانی دۆزه‌خ به‌سه‌ریدا.

جێگری سه‌رۆكی مه‌كته‌بی سیاسیی حه‌ماس، موسا ئه‌بو مه‌رزوق هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی وه‌بیرهێنایه‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌تا ئه‌مریكا قبوڵی نه‌بوو بابه‌ته‌كه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ بكرێت و گوتی: هه‌ڵوێستی واشنتۆن له‌ دوای لێدانی ته‌ل ئه‌بیب له‌لایه‌ن به‌رگریی فه‌ڵه‌ستینه‌وه‌ گۆڕا.