نرخی خاوی برێنت گەیشتە 66 دۆلار و 78 سەنت

دوایین نوێکردنەوە 2021-05-20 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

دوێنێ نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت تا ٦٨ دۆلار و ٤٦ سەنت بەرزبووەوە و رۆژەکەی بە ٦٦ دۆلار و ٦٦ سەنت تەواو کرد. کاتژمێر ٠٩:٥٦ی بەیانی ئەمڕۆ نرخەکان بە رێژەی سەدا ٠،١٨ هەڵکشانیان بەخۆوەبینی و بە ٦٦ دۆلار و ٧٨ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هاوکات بەرمیلێک خاوی رۆژئاوای تەکساس بە ٦٣ دۆلار و ٥٣ سەنت فرۆشرا.

دوێنێ بەرزبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە وڵاتانی ئاسیا بەتایبەت لە هیندستان، هاوکات نیگەرانییەکان لە سستبوونی گەشەی ئابووری بانکی ناوەندیی ئەمریکا بوونە ئەوەی کە نرخی نەوت نزیکەی لەسەدا سێ داببەزێت.

دواتر بەهۆی کاردانەوەی ئەو وەبەرهێنەرانەی کە دەیانویست سوود لە دابەزینی نرخی نەوت وەربگرن، نرخەکان کەمێک بەرزبوونەوەیان بەخۆوەبینی، هەروەها بەهۆی ئەوەی یەدەگەکانی نەوتی ئەمریکا کەمتر لەو رێژەیەی پێشبینی دەکرا زیادیان کردووە، نرخەکان لەوە زیاتر دانەبەزین.

دوێنێ فەرمانگەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا، ئەوەی خستەڕوو کە یەدەگەکانی نەوتی ئەمریکا، هەفتەی رابردوو بەراورد بە هەفتەی پێش خۆی یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار بەرمیل زیادیان کردووە، ئەمە لە کاتێکدا کە پێشبینی دەکرا یەدەگەکان بە قەبارەی یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار بەرمیل زیاد بکەن.

لە لایەکی دیکەشەوە لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا، بەهۆی کەمکردنەوەی بەشێک لە رێوشوێنەکان، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا رووی لە هەڵکشان کردووە، ئەمەش وای کردووە جارێکی دیکە ئەو وڵاتانە رێوشوێنی خۆپارێزی بگرنەوەبەر، هەروەها لە وڵاتانی ئاسیا-ش خواست لەسەر نەوت کەمە و ئەمەش رێگرێکی گەورەیە لەبەردەم بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.