نەتەوە یەکگرتوەکان لەبارەی خۆسوتاندنی گه‌نجه‌كه‌ی ڕۆژهه‌ڵات ڕاگه‌یه‌نراوێك بڵاو ده‌كاته‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2021-05-21 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌


نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لەعێراق راگەیەنراوێکی لەبارەی روداوی خۆسوتاندنی گەنجێک لەبەردەم بارەگای هەولێریان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، بەهاوبەشی لەگەڵ حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق، ناو و زانیاریی ئەو پەنابەرانە تۆمار ده‌كه‌ین، كه‌ داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن.

دوای دوو رۆژ لە خۆسووتاندنی گەنجە رۆژهەڵاتیەکە کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتوەکان راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی ئه‌و رووداوه‌ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، روداوی تراژیدی خۆسوتاندنی ئەو پەنابەرە لەبەردەم باڵەخانەی نەتەوەیەکگرتوەکان لە هەولێر، نیگەرانی کردین.

له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، تیمی تەندروستیەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان هاوکاری پزیشکیان پێشکەش به‌و گه‌نجه‌ کردوە و گواستویانەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتوەکان بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کاردەکات بۆ تۆمارکردنی ناو و زانیارییەکانی ئەو پەنابەرانەی داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن، بەگوێرەی ستاندارد و یاسا نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە پەناخوازان.

یو ئێن ئێچ سی ئاڕ وتیشی،" بەبێ جیاوازی هاوکاری راستەخۆ پێشکەشی هەمو ئەو پەنابەرانە دەکەن، کە لە هەرێمی کوردستان و عێراقن، هاوکارییەکانیش بریتین لە، خزمەتگوزارییەکانی پارستن، هاوکاری دارایی و یاسایی.

جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، پشتیوانی دامەزراوەکانی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان دەکەین بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی بۆ پەنابەران وەك، خزمەتگوزاری تەندروستی، پەروەردە، ئاو و کارەبا.