مولود باوەمراد
حەقیقەتی سیاسەت بەجیا لەشتەکانیتری ژیان ئەویە لەواقیعدا ھەیە و دەبینرێت و تیایدا دەژین، حەقیقەتی ئەم واقیعە سیاسیەی ژیانی سیاسی دابەشبووی ھەرێمی کوردستان شایەتی و ئاماژەی بلا سخارتی بۆ زانین و بەئاگاھاتینەوە و تێگەشتنی پێویست نیە، بەڵام دەشێت گرنگی قسەکە لەبابەت و شوێن و پێگەی کەسەکەدا گرنگ بێت، ئاشکرایە نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەراتیەکانی لەوڵاتاندا تەنھا پەیوەندیان بە دەوڵەتانەوە ھەیە، ھەرشتێک دژ و ناکۆک و ناتەبابێت لەگەڵ بەرژەوەندی ئەو وڵاتانەی تیایدا نوێنەرن دەبێ بەھەموو شێوەیەک خۆیانی لێ دوربگرن چونگە پێچەوانەی ئەرکی نوێنەراتیەکەیانە، بلاسخارتیش لەم بوارەدا ھەم شارەزایە و ھەم بەئەزموون، بۆیە دەشێ ئەم ووتانەی لێدانەوەیەکیتر ھەڵبگرێت، لە ھەوڵە شکستخواردووەکانی لەمەوبەری نووسینەوەی دەستوری ھەرێمدا جگە لە لەمپەر و ناکۆکیە ناوخۆییەکان، ھێز و کۆمەڵە و گروپ و پێکھاتەکان و کەسایەتیەکانی عێراقیش لێی دەھاتنە دەنگی دژایەتی و ناڕەزایەتی و وەک مەترسی و کێشەیەک بۆ یەکپارچەیی عێراق ناودەبرا و دەیانکردە ھەڵڵایەکی سیاسی گەورە، دواجار لەڕێگەی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و سەفیری وڵاتان بەتایبەت ئەمریکا داوای دواخستنیان لەسەرکردە و بەرپرسانی ھەرێم دەکرد بەبیانوی ئەوەی دۆخی سەقامگیری و ئەمنی عێراق دەشێوێنێ و وەختی نیە!!!
دەکرێت ئێستە مەسیجی بلاسخارت بەوە تەفسیر بکرێت، ئەوا ئێمە ڕازین ئەومافە دەستوریەی خۆتان مومارەسە بکەن، فەرموون دەستور بۆ ھەرێمەکەتان بنووسنەوە، بەڵام بەم دۆخ و حاڵ و واقیعەی دابەشبوونی سیاسیتانەوە زەحمەتە پێتان بکرێت!! و زەمەن و فرسەتیش تاسەر بەھاناتانەوە نایەت.
تێبینی: حکومەتی کودەتای سەربازی سەردەمی عبد السلام عارف ١٩٦٤لەیەک ساڵدا دوو دستوری دانا، گەڵی ئێمەش سی ساڵە شەمەندەفەری نووسینی دەستوری نەگەشتە وێسگە.