دیجیتاڵ میدیای سپێده
بە بەشداری هەزاران خۆپیشاندەری ژمارەیەک پارێزگای ناوەڕاست و باشووری عێراق، خۆپیشاندانی ملیۆنی لەژێر ناوی (کێ منی کوشتووە) لە ناوەڕاستی بەغدای پایتەخت دژبە کوشتنی رۆژنامەوانان و چالاکوانان، دەستی پێکرد.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە ھەزاران خۆپیشاندەر لە پاڕیزگاکانی بابل، واست، بەسرە، میسان، زیقار، موسەننا، نەجەف، کەربەلا و دیوانییە روویان لە شاری بەغدا کردووە بۆ ئەوەی بەشداری لە خۆپیشاندانی ملیۆنی دژبە حکوومەت بکەن لەوەی تا ئێستا بکوژانی رۆژنامەوانان، چالاکوانانی خۆپیشاندانەکانی ئاشکرانەکردووە.
خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی تەحریر ناوەڕاستی شاری بەغدا لەژێر ناوی (کێ منی کوشتووە) ئەنجام دەدەرێت و ناوی خۆپیشاندانەکەیش ٢٥ی ئایاری لێ نراوە.
ھاوکات میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە کە ژمارەیەکی زۆری خۆپیشاندەر لە گۆڕەپانی تەحریر ناوەڕاستی بەغدا گردبوونەتەوە و داوا دەکەن کە بکوژانی رۆژنامەوانان، چالاکوانان و خۆپیشاندەران، ئاشکرا بکرێن.
لەئێستادا ھێزێکی زۆری ئەمنی لە دەروازەکانی ناوەڕاستی بەغدا بڵاوی پێکراوە، ھەروەھا رێکاری پێویست بۆ پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران گیراوەتەبەر، بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە دەستوەردانی گرووپە چەکدارەکان و ھێرشکردن بۆسەر خۆپیشاندەران.
لە ماوەکانی رابردوودا کردەی تیرۆرکردن دژبە رۆژنامەوانان و چالاکوانانی خۆپیشاندانەکان ئەنجامدراوە کە تا ئێستا ژمارەیەک لە رۆژنامەوان و چالاکوان تیرۆرکراون.
لە شەشی تەمووزی ساڵی رابردوودا، شارەزای بواری ئەمنیی، ھیشام ھاشمی کە کەسێکی نزیکی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بوو لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژرا و جگە لەوەیش تا ئێستا ژمارەیەک چالاکوانی خۆپیشاندانەکان لە عێراق کوژراون، دواینجار چالاکوانی مەدەنی ئیھاب جەواد وەزنی لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شاری کەربەلا لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژرا.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لەبارەی کەیسی کوشتنی رۆژنامەوانان و چالاکوانانەوە، بڕیاری لێکۆڵینەوەی داوە کە تا ئێستا ھیچ ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ رای گشتیی ئاشکرانەکراوە و ئەوەیش ناڕەزایەتیی رای گشتیی عێراقی لێکەوتووەتەوە.
دوێنێ دووشەممە گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا رەسول رایگەیاندبوو کە ھەوڵەکانی ھەواڵگریی بەچڕی خراوەنەتەگەڕ سەبارەت بە دەستکیرکردنی بکوژانی ھاشم ھاشمی و ئیھاب وەزنی و ئەوانی دیکە.