وەزارەتی ناوخۆی هەرێم پێشێلكاری و ئەشكەنجەدان لە كاتی لێكۆڵینەوەی سەرەتایی قەدەغە دەكات

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-13 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

"سەرپێچیكاران سزا دەدرێن"

وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشێلكاریی و ئەشكەنجەدان لە كاتی لێكۆڵینەوەی سەرەتایی لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی نەهێشتنی تاوان قەدەغە دەكات و بەپێچەوانەشەوە سەرپێچیكاران سزا دەدات.

محەمەد گۆمەشینی، گوتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە ماوەی ڕابردوودا دەستەی مافی مرۆڤ لەسەر سكاڵای چەند ڕاگیراوێك بە نووسراو وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لە بوونی پێشێلكاری و ئەشكەنجە لەلێكۆڵینەوەی سەرەتایی لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی نەهێشتنی تاوان، ئاگادار كردەوە".

گوتیشی: "وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە نووسراوی فەرمی هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەئافرەتانی ئاگادار كردووەتەوە كە پێویستە لە كاتی لێكۆڵینەوە ڕەچاوی بنەماكانی مافی مرۆڤ و یاسا بكرێت دوور لە ئەشكەنجە و توندوتیژی".

ئاماژەی بەوەش دا "بەپێی نووسراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ هەر كەسێك سەرپێچی بكات سزا دەدرێت".