حیزبە كوردستانییەكانی كەركووك لە هەولێر كۆدەبنەوە

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-22 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

كەركووك-KDP.info- بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك ڕایدەگەیەنێت، بڕیارە ئەمڕۆ شەممە حیزبە كوردستانییەكانی كەركووك لەبارەی ڕەوشی ئەو شارەوە، لە هەولێری پایتەخت كۆببنەوە.

د. محەمەد خورشید، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ شەممە، لەشاری هەولێر بڕیارە شاندێكی لایەنە سیاسییەكانی شاری كەركووك سەردانی ئێمە لە لقی 3ی پارتی بكەن و بەیەكەوە كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدەین لەسەر ئەو بارودۆخە نوێیەی كە لە پارێزگای كەركووك هاتووەتە ئاراوە."

خورشید گوتیشی: "كۆبوونەوەكە، بۆ بەدواداچوونی كۆبوونەوەكانی پێشووترە لەبارەی شاری كەركووكەوە، كە لایەنە سیاسییەكان بەیەكەوە و بۆ ئەم مەبەستە گفتوگۆ دەكەین".

بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك، زیاتر روونی كردەوە: "هەموومان بەیەكەوە پێشنیازێكمان ئامادە كردووە و لەوانەیە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیاری لەسەر بدەین".

 ‌

نەشوان بەرزنجی