لێدوانێکی ترەمپ بەریژەی لەسەدا یەک نرخی نەوت بەرزدەکاتەوە

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-13 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا و چین لەواژۆکردنی رێککەوتنێکی بازرگانی نزیکبونەتەوە، ئەوەش بوەهۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوت بەڕێژەی لەسەدا یەک.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، لێدوانەکەی دوێنێ پێنجشەممەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کە رایگەیاندبو ئەمریکا و چین لەواژۆکردنی رێککەوتنێکی بازرگانی نزیکبونەتەوە، پێشبینی زیادبونی داخوازی نەوتی لای بازرگانانی نەوت لەجیهاندا دروستکرد و بەهۆیەوە نرخی نەوتی خاو لەبازاڕەکانی جیهاندا بەڕێژەی لەسەدا یەک بەرزبوەوە.

نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت 48 سەنت زیادیکرد

نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت 48 سەنت زیادیکرد و لەدواین ساتەکانی بازاڕدا بە 64.20 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی ئەمریکی ( خۆرئاوای تەکساس) بەڕێژەی 42 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک زیادیکرد

هاوکات، نرخی نەوتی ئەمریکی ( خۆرئاوای تەکساس) بەڕێژەی 42 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک زیادیکرد و بە 59.18 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

پاش تێپەڕبونی چەند رۆژێكی كەم بەسەر سەپاندنی باجی زیاتر بەسەر كەلوپەلی هاوردەكراوی چین لە وڵاتەكەی، دوێنێ پێنجشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند "زۆر نزیكین لە ئەنجامدانی رێككەوتنێكی بازرگانی لەگەڵ وڵاتی چین".

ئاماژەی بەوەشكرد "چین دەیانەوێت ئەو رێككەوتنە لەگەڵ ئێمەدا ئەنجامبدەن، ئێمەش بە هەمانشێوە دەمانەوێت رێككەوتنەكە ئەنجامبدرێت".