بەوێنە.. بە هەزاران گەشتیاری زستانە ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەكانی رواندز دەكەن

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-13 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

لەگەڵ بارینی یەكەمین بەفری ئەمساڵ لە چیای كۆڕەك و ناوچە گەشتیارییەكانی سنووری شارۆچكەی رواندز، هەزاران گەشتیاری زستانە روو لە ناوچەكە دەكەن، بەتایبەتیش چیای كۆڕەكی گەشتیاری.

چیایی محەمەد، بەڕێوەبەری بنكەی گەشتوگوزاری رواندز، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "یەكەم رۆژی دەستپێكردنی گەشتوگوزاری زستانە و هاتنی گەشتیارانە بۆ ناوچە گەشتیارییەكانی رواندز، بەتایبەتیش چیای كۆڕەكی گەشتیاری و شنگلبانە، وەك دیاریشە بارینی بەفر لە چیای كۆڕەك هۆكارێكی سەرەكییە بۆ خواستی زۆری گەشتیاران بۆ ناوچەكەمان".

گوتیشی: "دۆخی خراپی شارەكانی عێراق و نەبوونی دەوام لە قوتابخانە و فەرمانگە و دامودەزگاكانیان، هۆكاری سەرەكییە بۆ زیادبوونی گەشتیارانی عەرەب بۆ ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان، هەروەها نەمانی ئەو 10 هەزار دینارەی كە پێشتر لە گەشتیاران وەردەگیرا هۆكارێكی دیكەیە بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی گەشتیار".