داودئۆغلو پارتە تازەكەی راگەیاند و گوتی وەڵامی چەواشەكاران مەدەنەوە

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-13 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

"باسی چارەسەركردنی كێشەی كوردی نەكرد"

ئەمڕۆ هەینی ١٣ی١٢ی٢٠١٩ ئەحمەد داودئۆغلو سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا، پارتە تازەكەی بەناوی پارتی GELECEK (ئایندە) راگەیاند، لە وتارێكیشدا ئاماژەی بەوە دا كە لە داهاتوودا ڕووبەڕووی فشاری زۆر دەبنەوە، بەڵام كۆڵ مەدەن و وەڵامی جنێو و چەواشەكارییەكانیش مەدەنەوە.

ماوەی یەك ساڵ دەبێت ئەحمەد داودئۆغلو ئامادەكاری دەكات بۆ راگەیاندنی پارتێكی تازە، ئەمڕۆ خستییە بواری جێبەجێ كردنەوە و پارتی (ئایندە)ی راگەیاند.

داودئۆغلو باسی لە خراپی رەوشی ئابووری لە توركیا کرد، هەروەها باسی لە خراپیی رەوشی ئافرەت و تاكی توركیا كرد لە هەموو روویەكەوە، بۆیە گوتی پارتەكەی ئێمە ئەوانەتان بۆ چارەسەر دەكات.

لە وتارەكەیدا داودئۆغلو باسی لەوە كرد، كە پێویستە لە توركیا دادگا بێلایەن بێت و هیچ كەسێكیش بەهۆی بیری ئازاد و نووسینەوە دەستگیر نەكرێت و دەبێت وڵاتێكی یاسایی بونیاد بنێن كە جیاوازی لە نێوان كەسدا نەكات.

لە درێژەی وتارەكەیدا ئاماژەی بەوەش دا دەبێت دەسەڵاتی پەرلەمان زیاد بكرێت و سیستەمی سەرۆكایەتی لە توركیا سەركەوتنی بەدەست نەهێناوە. باسی لەوەش كرد كە دەبێت بۆ برەودان بە دیموكراتی و ئازادی، سەرلەنوێ دەستوورێكی تازە بۆ توركیا بنووسرێتەوە و دەستوورەكەش زیاتر مەدەنی و دیموكراتی بێت و ئازادی تاك و یاساشی تێدا جێگیر بكرێت.

گوتیشی: ”لە ٢٠١٦ دەستووری توركیا هەموار كرایەوە و سیستەم بووە سەرۆكایەتی، بەڵام ئەگەر بتەوێت باس لە دیموكراتی بكەیت لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا مومكین نییە و ناكرێت، بۆیە پارتەكەمان پشتگیری لە سیستەمی پەرلەمانییەكی بەهێز دەكات، كە دادگا بێلایەن بێت و ئازادی و دیموكراتیش لە برەوداندا بێت و گوتیشی ئێمە دژی سیستەمی سەرۆكایەتین بۆ توركیا“.

داودئۆغلو لە وتارەكەیدا بە هیچ شێوەیەك باسی لە چارەسەركردنی كێشەی كورد نەكرد، واتە باسی لەوە نەكرد كە بەرنامەیان هەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد، تەنیا گوتی پارتەكەمان بەبێ جیاوازی سەیری هەموو تاكێك دەكات لە توركیا و جیاوازی لە نێوان هیچ پێكهاتەیەك ناكات.

وتارەكەیدا گوتی: ”كۆمەڵگایەكی سڤیل بە دروستكردنی بینای گەورە دروست نابێت، بەڵكوو بە وێژدانێكی قووڵ دروست دەبێت".

داواشی كرد وەڵامی ئەو كەسانە نەدەنەوە كە جنێو دەدەن و هێرش دەكەنە سەریان، چونكە زمانی ئەوان زمانێكی ئاشییە و زمانی شەڕكردن نییە، كە مەبەستی ئاكەپە و رەجەب تەییب ئەرۆغانە، چونكە هەفتەیەكە ئەردۆغان باس لە گەندەڵییەكانی داودئۆغلو دەكات و بە خائینیش ناوی دەبات.

ئەو لەگەڵ ئەوەدایە توركیا پەیوەندییەكانی لەگەڵ ناتۆ بەهێز بكات و لە یەكێتیی ئەوروپاش نزیك ببێتەوە، لە هەمانكاتدا لەگەڵ ڕووسیا و وڵاتانی ئاسیاش پەیوەندییەكانی بەهێز بكات، تا لەو ڕێگەیە سیاسەتی دەرەوەی بەهێز بكات و برەو پێ بدات، ئەمەش لە رێگەی ئەوەوە دەبێت زمانی دیبلۆماسیمان بە تەواوی بگۆڕین.

داودئۆغلو ئاماژەی دا كە دەسەڵاتی ئێستا هیچ شتێكی پێ نییە بۆ گەنجان و ئافرەتان و كۆمەڵگە، هەمیشە باسی رابردوو دەكەن، بۆیە كاتێك ئێمە باس لە ئاییندەیە و باس لە گەنج و ئافرەت و ئاییندەیەكی باش بۆ وڵات دەكەین توڕە دەبن و پەلامارمان دەدەن.