پەرلەمان، پێشنیازگەلێك بۆ ھەمواركردنەوەی ماددەی ١٤٠ ئامادە دەكات

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-02 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- لەگەڵ دەستبەكاربوونی لیژنەی ھەمواركردنەوەی دەستووری عێراق، كورد مەرجی خۆی ھەیە بۆ ئەو ماددە دەستووریانەی پەیوەندییان بە ھەرێمی كوردستانەوە ھەیە، بڕیارە پەرلەمانی كوردستانیش ژمارەیەك پێشنیاز لەبارەی ماددەی ١٤٠ بخاتە بەردەم لیژنەكە.

جوان رۆژبەیانی، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارە هەفتەی داھاتوو وۆركشۆپێك لەبارەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق بەڕێوە ببەین و، تێیدا ژمارەیەك پێشنیاز بۆ ھەمواركردنەوەی ماددەی ١٤٠ ئامادە دەكرێن، كە بەپێی خواستی خەڵكی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان بێت، ھەموو ئەو پێشنیازانەش دوای كۆكردنەوەیان رادەستی لیژنەی ھەمواركردنەوەی دەستووری عێراق دەكرێن".

سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان دەشڵێت: "لەگەڵ لیژنەی نووسینەوەی دەستووری عێراق قسەمان كردووە و پێیان راگەیاندوون پێداچوونەوە بە ھەموو ماددەكانی نێو دەستووردا دەكەن، تەنیا چەند ماددەیەك ھەموار ناكرێنەوە، مادام ھەموو ماددەكان دەگرێتەوە، دیارە ماددەی ١٤٠یش یەكێكە لەوانەی بەر ھەمواركردنەوەكە دەكەوێت".

رۆژبەیانی گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین كاتێكی دیاركراو بۆ جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ دیاری بكرێت، یانیش پێشینیازی دیكە دەیخە ڕوو لە شوێنی ماددەی ١٤٠ جێگیر بكرێن".

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئەگەر بەغدا نیەتی ھەبووایە، لە چەند ساڵی رابردوودا ماددەی ١٤٠ی جێبەجێ دەكرد، چونكە پێمان وایە دەستوور رێگاچارەی بۆ داناوە و ھیچ زەحمەت نییە بۆ جێبەجێكردن".

 

قائید میرۆ