سبه‌ی شاندی دانوستانكاری هه‌رێم له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان كۆ ده‌بنه‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-23 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

به‌غدا -KDP.info- سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ‌به‌غدا گوتی، بڕیاره‌ سبه‌ی شاندی دانوستانكاری هه‌رێمی كوردستان بگەڕێنه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام بده‌ن و تێیدا باسی ئه‌نجامی سه‌ردانه‌كه‌ دەكه‌ن و كامه‌ بژارده‌ بۆ كورد باش بێت بڕیار له‌وه‌ ده‌ده‌ن.

فارس عیسا، سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ‌به‌غدا، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "گفتوگۆكانی نێوان شاندی كورد له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی ڕاسپێردراو و لایه‌نه‌كانی به‌غدا به‌رده‌وامه‌ و لێكنزیكبوونه‌وه‌ دروست بووه‌ و دوو ڕۆژی دیكه‌ مۆڵه‌ت دراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ ئه‌نجامێك و ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ده‌نگ به ‌كابینه‌ی نوێ بدرێت و سه‌رۆكوه‌زیرانی نوێش نه‌رمیی نواندووه‌."

فارس عیسا گوتیشی: "بڕیاره‌ سبه‌ی شاندی هه‌رێمی كوردستان بگه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌رێم و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێم كۆ ببنه‌وه‌ و تێیدا باس له‌ ئه‌نجامی سه‌ردانه‌كه‌ ده‌كەن و هه‌موو بژارده‌كان ده‌خەنه‌ ڕوو، كامه‌یان بۆ كورد باشتر بێت‌ ئه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێرن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ تا ئێستا كورد یه‌كگرتووه‌."

بڵند ئیبراهیم