سه‌رۆك بارزانی: ئه‌گه‌ر عه‌للاوی به‌بێ به‌شداریی كورد و سووننه‌ كابینه‌كه‌ی پێك هێنا، پیرۆزی بێت

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-25 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هه‌ولێر-KDP.info- سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، له‌ گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی زاگرۆسی عه‌ره‌بی، باسی له‌ چه‌ند پرسێكی هه‌نووكه‌یی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ كرد و هه‌ڵوێستی خۆیشی له‌هه‌مبه‌ریان ده‌ربڕی.

سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاند، خۆپیشاندانه‌كانی ئێستا په‌رچه‌كرداری شكسته‌كانی رابردوون و پێویسته‌ كار له‌سه‌ر چاككردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان بكه‌ن، كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی ئه‌و شكستانه‌ و گوتیشی: "له‌ سه‌ره‌تاوه‌ پشتیوانیی خۆمان بۆ خۆپیشانده‌ران و داوا ره‌واكانیان ده‌ربڕیوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داوامان كردووه‌، چاره‌سه‌ره‌كه‌ ئاشتییانه‌ بێت و رێگه‌ به‌ كه‌سانی هه‌ڵپه‌رست نه‌ده‌ن سواری شه‌پۆله‌كه‌ ببن".

سه‌رۆك بارزانی جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، هه‌ولێر ده‌بێته‌ شوێنێكی گونجاو بۆ میوانداریكردن و كۆبوونه‌وه‌ی نێوان سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان و نوێنه‌رانی خۆپیشانده‌ران، بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی گونجاو و ده‌رچوون له‌و قه‌یرانه‌ی ئێستای وڵات تێی كه‌وتووه‌".

عه‌للاوی و پێكهێنانی حكوومه‌ت

سه‌رۆك بارزانی، له‌ باره‌ی محه‌ممه‌د ته‌وفیق عه‌للاوی و میكانیزمی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت گوتی: "عه‌للاوی له‌ خێزانێكی دیاره‌، به‌ڵام میكانیزمی ده‌ستنیشانكردنی وه‌زیره‌كانی حكوومه‌ته‌كه‌ی سه‌ركه‌وتوو نییه‌ و قه‌بووڵ ناكرێت، پێویسته‌ كار له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكات بۆ پێكهێنانی كابینه‌ و ده‌ستنیشانكردنی وه‌زیره‌كان، هه‌موو سه‌رپێچییه‌كیش ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ ده‌بنه‌ هۆی پێشێلكردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و پێكهاته‌كانی دیكه‌ی عێراق".

سه‌رۆك بارزانی روونیشی كرده‌وه‌، سووننه‌ و كورد و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ شیعه‌كان له‌و شێوازه‌ی عه‌للاوی بۆ پێكهێنانی كابینه‌كه‌ی رازی نین، چونكه‌ گوایه‌ به‌ناوی سه‌ربه‌خۆیی و بێلایه‌نیی وه‌زیره‌كان ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن، به‌ڵام دواتر به‌ ئاره‌زووی خۆیان به‌كاریان ده‌هێنن.

گوتیشی: "ئه‌گه‌ر عه‌للاوی به‌بێ به‌شداریی كورد و سووننه‌ كابینه‌كه‌ی پێك هێنا، ئه‌وا پیرۆزی بێت".

سه‌رۆك بارزانی گوتیشی: "رێككه‌وتنی عه‌للاوی له‌گه‌ڵ دوو لایه‌ن، یان سێ لایه‌ن، نابێته‌ هۆی پابه‌ندبوونی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌دا نین".

پرسی داعش

له‌ باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش و گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی رێكخراوه‌كه‌ش، له‌و گفتوگۆیه‌دا سه‌رۆك بارزانی به‌ روونی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، كه‌ رێكخراوه‌كه‌ هێشتا مه‌ترسییه‌ و گوتی: "داعش ئێستاش هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جددییه‌ بۆ سه‌ر عێراق و هه‌رێمی كوردستان، ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق بكشێنه‌وه‌، ئه‌وا رێكخراوه‌كه‌ جارێكی دیكه‌ و به‌ هێزێكی زیاتره‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بۆیه‌ بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، بڕیارێكی چاره‌نووسسازه‌ و نابێت بكه‌وێته‌ ژێر هه‌ست و سۆز و موزایه‌دات".

هه‌روه‌ها گوتیشی: "نابێت عێراق، یان هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ گۆڕه‌پانی ململانێی ئه‌مه‌ریكی – ئێرانی، له‌سه‌ر عێراق پێویسته‌ راسپارده‌كانی ئێران، یان هه‌ر وڵاتێكی دیكه‌ ره‌ت بكاته‌وه‌".

په‌یوه‌ست به‌ پرسی ناوخۆیی عێراقیش، سه‌رۆك بارزانی ده‌ڵێت: "عێراق به‌ده‌ست نه‌بوونی سیاسه‌تێكی یه‌كگرتووی ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌مواری ده‌ستووریین ئه‌گه‌ر ئامانج لێی ده‌وڵه‌مه‌ندكردن و چاكسازیی بێت، به‌ڵام به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌و كاره‌ ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ببێته‌ هۆی زیانگه‌یاندن به‌ مافه‌كانی گه‌لی كورد و هه‌رێمی كوردستان و دیموكراسیه‌ت".

سه‌رۆك بارزانی داوا له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كات، كه‌ ده‌ستبه‌رداری ناكۆكییه‌كان بن و هه‌وڵی گه‌یشتن بده‌ن به‌ میكانیزمێكی گونجاو بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كان.