جێنین ھێنیس پلاسخارت سەردانی چالاکوانە رزگارکراوەکەی به‌غدای کرد

دوایین نوێکردنەوە 2021-07-11 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت سەردانی سەردانی چالاکوانی خۆپیشاندانەکانی بەغدا، عەلی میگدام-ی کرد کە دوای رزگارکردنی بۆ چارەسەرکردن گەیه‌ندراوەتەوە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شارەکە.

نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە جێنین ھێنیس پلاسخارت سەردانی عەلی مگدام-ی کردووە کە ئێستا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی بەغدا، چارەسەری پزیشکیی وەردەگرێت.

بەپێی راگەیەنراوەکە جێنین ھێنیس پلاسخارت لە میانی سەردانەکەدا رایگەیاندووە "ئیدانەی ھەموو ئەو ھێرشانە دەکەین کە دەبنە مایەی ھەڕەشە بۆسەر ئازادیی رادەربڕین لە عێراق."

شەوی رابردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی سەردانی چالاکوانی خۆپێشاندانەکانی بەغدا، عەلی میگدام-ی کردبوو.

چالاکوانی خۆپیشاندانەکانی بەغدا، عەلی میگدام رۆژی ھەینی رابردوو لەلایەن ژمارەیەک کەسی نەناسراوەوە رفێنرابوو و دوێنی شەممە، ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە دەستی ئەو کەسانەی کە رفاندبوویان لە ناوچەی دۆرە باشووری بەغدا، رزگاریان کرد.