ئاكره‌یی: ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ژێر چاودێریی چڕدایه.. ‌هاتوچۆی هاووڵاتیان قەدەغەیە

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-26 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ئێران رایگەیاند، دوای بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ژێر چاودێریی چڕی وەزارەتی تەندروستیدا، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێم و ئێراندا دەستی پێكردەوە، بەڵام هاتوچۆی هاووڵاتیان قەدەغەیە.

عەبدوڵڵا ئاكرەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، دوای ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا كە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێم و ئێراندا دەست پێبكاتەوە، بازرگانیكردن لە ژێر چاودێریی چڕی وەزارەتی تەندروستیدا دەستی پێكردەوە و لە ئێستادا جموجۆڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەردوولادا بەردەوامە.

ئاكرەیی باسی لەوەش كرد، ئەو بڕیارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تەنها بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانییە و هاتوچۆی هاووڵاتیان لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان و بە پێچەوانەوە، قەدەغەیە.

گوتیشی: "ئەو بڕیارە تا كاتێكی نادیار جێبەجێ دەكرێت تا بزانین دۆخەكە چ گۆڕانكارییەكی بەسەردا دێت".

 

بڵند ئیبراهیم