كەلار.. شەش تۆن گێزەر و سەدان مریشكی نەخۆش لەناو بران

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-14 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای كەلار، دەستبەسەرداگرتن و لەناوبردنی شەش تۆن گێزەری لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی قەزای كەلارەوە ڕاگەیاند.

سیروان حەسەن، بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای كەلار، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لەلایەن لیژنەی عەلوەی سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی قەزای كەلارەوە لە مەزادخانەی كەلار دەست گیراوە بەسەر 6 تۆن گێزەری خراپبوودا و دواتریش لەلایەن لیژنەكەوە لەناو براوە".

لەلایەكی دكتۆر عوسمان مستەفا، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری گەرمیان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "هێزەكانی ئاسایشی كەلار لە مەزادخانەی كەلار دەستیان گرتووە بەسەر نزیكەی 500 مریشكی نەخۆشدا و پاش ئەوەی پشكنینیان بۆ ئەنجام درا و دەركەوت بۆ خواردن شیاو نین، لەلایەن تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیمانەوە لەناو بران".