مستەفا كازمی: عێراق چیتر پێویستی بەهێزی شەڕكەری ئەمەریكا نەماوە

دوایین نوێکردنەوە 2021-07-25 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سه‌ره‌ك وه‌زیری عێراق رایگه‌یاند وڵاته‌كه‌ی چیتر پێویستی به‌ هێزی شه‌ڕكه‌ری ئه‌مه‌ریكا نه‌ماوه‌ له‌ شه‌ڕی دژی داعش و دیاریكردنى كاتى كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ده‌رئه‌نجامى گفتوگۆكانى چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوو له‌ نێوان ئه‌مریكا و عێراق.

موسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئه‌سیۆشێتد پرێسدا رایگه‌یاندووه‌: عێراق داوا له‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌كات تا به‌رده‌وام بێت له‌ مه‌شق و ڕاهێنانه‌كان به‌ سوپاى عێراق هه‌ماهه‌نگى له‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى زانیاریه‌ هه‌واڵگرییه‌كان.

ئه‌م لێدوانانه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ر له‌ ده‌ستپێكدرنى گفتوگۆكان دێت له‌ نێوان شاندى عێراقى و ئه‌مریكى له‌ واشنتۆن كه‌ بڕیاره‌ سبه‌ی دووشه‌ممه‌ له‌كۆشكی سپی كازمى له‌گه‌ڵ جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكادا كۆببێته‌وه‌.

له‌ باره‌ى سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ئه‌مریكا مسته‌فا كازمى رایگه‌یاند: سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ ئه‌مه‌ریكا درێژه‌پێدانی ئه‌و زنجیره‌ وتووێژانه‌یه‌ كه‌ له‌ به‌غدا و له‌ واشنتۆن كراون بۆ مه‌به‌ستی ڕێكخستنی ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ له‌ نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكادا، كازمى گوتیشى: له‌و په‌یوه‌ندیانه‌دا، ده‌مانه‌وێت عێراق پارێزراوبێت. پێویسته‌ عێراق به‌ ڕووی جیهاندا كراوه‌ بێت و په‌یامێكیش بێت بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران تا بێنه‌ عێراق.

موسته‌فا ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: ڕه‌وشی عێراق هاوشێوه‌ی ڕه‌وشی ئه‌فغانستان نییه‌ له‌ ڕووی جوگرافی و دیمۆگرافی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت پێكهاته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشیه‌وه‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی عێراق ده‌توانن به‌رگری له‌ خۆیان بكه‌ن، ده‌توانن به‌ره‌نگاری ڕێكخراوه‌ تێرۆریستییه‌كان ببنه‌وه‌، پشتیوانی ناوخۆیی و نێونه‌ته‌وه‌ییش بۆ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانمان هه‌ن. ڕه‌وشی ئه‌مڕۆی عێراق له‌ ڕه‌وشی ساڵی 2014 جیاوازه‌ هه‌رچه‌نده‌ شانه‌ نوستووه‌كانى داعش هه‌ن كه‌ ڕۆژانه‌ هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانى عێراق به‌ره‌نگاریان ده‌بنه‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ به‌بێ هیچ گومانێك عێراق هاوشێوه‌ی ئه‌فغانستان نییه‌.