وەزارەتی تەندروستی ھۆشداری دەداتە كۆمپانیاكانی كەرتی دەرمان

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-14 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی تەندروستی، ھۆشداریی داوەتە كۆمپانیاكانی دەرمان كە پابەندی رێنماییەكانی حكوومەت بن و چەندین مەرجیشی بۆ چۆنیەتیی مامەڵەكردن بە دەرمان داناوە، گوتەبێژی وازەرەتەكەش دەڵێ، لە دوای سەری ساڵەوە، لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە دەست پێدەكات، كە پابەندی جێبەجێكردنی مەرجەكانی حكوومەت نین.

دكتۆر محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كار بۆ دامەزراندنی دەزگای خۆراك و دەرمان دەكرێت و وەزارەتی تەندروستی وەك بەشێكی كاریگەر لەو دامەزراوەیە، رۆڵی خۆی دەبێت، بەردەوامیش لیژنەكان لە بازاڕ چاودێریی رەوشی دەرمان دەكەن، لە رووی دانانی نرخ و كوالێتی دەرمان و چۆنیەتیی گواستنەوە و كۆگاكردنی دەرمان و لیژنەكانی وەزارەتیش سەرقاڵی كارەكانیانن، دواھۆشدارییش دراوەتە كۆمپانیاكانی تایبەت بە دەرمان، كە تا كۆتایی ئەم مانگە پابەندی رێنماییەكان نەبن، سزا دەدرێن".

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت: "ھەر كۆمانپایەكی دەرمان پابەندی بڕیار و رێنماییەكانی حكوومەت نەبێت، ئەو كۆمپانیایە دادەخرێت، لە ماوەی یەك مانگیشدا واتە تا كۆتایی ئەم مانگە، پێویستە كۆمپانیاكانی دەرمان پابەندی جێبەجێكردنی ھەموو ئەو مەرجانە بن كە حكوومەت بۆیانی داناوە".

دكتۆر محەمەد قادر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لە ھەرێمی كوردستان ٢٨٠ كۆمپانیای تایبەت بە دەرمان و پێداویستیی پزیشكی ھەن و ژمارەیەك كۆمپانیاش بە ھۆی سەرپێچییەوە سزا دراون، بەڵام ئامارەكان لای كۆالێتی كۆنتڕۆڵی دەرمانن، چونكە سزادانی كۆمپانیا ھەر داخستن و گرتن نییە، بەڵكوو كەیسیان بۆ دەكرێتەوە و بەپێی سەرپێچی سزایان بۆ دیاری دەكرێت".

 

قائید میرۆ