بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار: دروستکردنی کەمپێک بۆ پاشماوەکانی داعش ڕاگیراوە

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-27 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

زوممار-KDP.info- بڕیار بوو لە نزیک ناحیەی زوممار کەمپێک بۆ پاشماوەکانی داعش دروست بکرێت و بەڕێوەبەری شارەدێی زومماریش دەڵێ، دروستکردنی کەمپی عەمەل ڕاگیراوە و خەڵکی ناوچەکە بەتوندی دژی گەڕانەوەی پاشماوەکانی داعشن.

ئەحمەد جەعفەر، بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی بڕیار درا بە دروستکردنی کەمپێک لە گوندی عەمەلی نێوان ھەردوو ناحیەی زوممار و ڕەبیعە بۆ پاشماوەکانی داعش، ئەوانەی لە سووریان، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناوچەکە، خەڵکی ناوچەکە و ئیدارەی زوممار بەفەرمی ناڕازیبوونی خۆیان گەیاندە ھەموو لایەک لەسەر ئەوەی بە ھیچ شێوەیەک ڕازی نین داعشەکان بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکە، چونکە دەبێتە ھۆی تێکچوونی ڕەوشی ئەمنیی ناوچەکەمان."

بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار دەڵێت: "ئێستا کاری دروستکردنی کەمپی عەمەل ڕاگیراوە و ھەموو سەرۆکھۆزەکانی ناوچەکە دەنگی ناڕازیی خۆیان بەرز کردووەتەوە دژی بڕیاری کردنەوەی کەمپی عەمەل."

ئەحمەد جەعفەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بڕیار بوو گەورەترین کەمپ لە ناوچەکە دروست بکرێت لەسەر ڕووبەری ١٠ ھەزار دۆنم زەوی، بەڵام خەڵکی ناوچەکە بەتوندی ھاتوونەتە دەنگ دژی دروستکردنی کەمپەکە و پێیان وایە بە گەڕاندنەوەی داعش بۆ ناوچەکە ئاڵۆزیی زیاتر دەکەوێتە نێوان پێکھاتەکانی ئەو سنوورە، کە سنوورێکی بەرفراوانە، ھەر لە شنگالەوە تا دەگاتە تەلەعفەر و ڕەبیعە و سنووری سووریا."

کەمپی ھۆل دەکەوێتە ڕۆژئاوای کوردستان و ٣١ ھەزار لە کەسوکاری داعش تێیدا نێشتەجێن، بەڵام لە ڕۆژانی ڕابردوو بڕیار درا ھەموویان بگوازرێنەوە بۆ عێراق و لە نزیک ناحیەی زوممار نیشتەجێ بکرێن.‌

قائید میرۆ