ته‌نها له‌ 3 مانگدا كۆمپانیایه‌كی به‌رهه‌مهێنه‌ری ڤاكسینی كۆڕۆنا سێ ملیار یۆرۆی قازانج كردوه‌

دوایین نوێکردنەوە 2021-08-10 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

- قازانجی پاراوی کۆمپانیای بایۆتەکنەلۆجیی ئەڵمانی بایۆنتێک کە ڤاکسینی کۆرۆنای بەرھەمھێناوە، لە چارەگی دووەمی ئەمساڵدا و لەگەڵ زیادبوونی فرۆشتنی ڤاکسینەکە گەیشتووەتە دوو ملیار و ٧٨٧ ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار یۆرۆ.  

بایۆنتێک، ئەنجامی راپۆرتی دارایی چارەگی دووەمی ساڵی ٢٠٢١ی بڵاوکردەوە.

 

بەپێی راپۆرتەکە، قازانجی پاراوی کۆمپانیاکە لە مانگی نیسانەوە بۆ مانگی حوزەیران، لەگەڵ بەرزبوونەوەی داھاتی پاراو گەیشتووەتە دوو ملیار و ٧٨٧ ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار یۆرۆ.

بایۆنتێک، لە ھەمان قۆناغی ساڵی رابردوودا رایگەیاندبوو کە ٨٨ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار یۆرۆی زیان پێگەیشتووە.

 

ھاوکات، قازانجی کۆمپانیاکە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتبوویە سێ ملیار و ٩١٥ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار یۆرۆ کە لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ زیانی ١٤١ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار یۆرۆی راگەیاندبوو.

کۆمپانیای بایۆنتێک، لەماوەی ئەمساڵدا، لە گرێبەستی دابینکردنی کۆی گشتی دوو ملیار و ٢٠٠ ملیۆن ژەمە ڤاکسین، پێشبینی ١٥ ملیار و ٩٠٠ ملیۆن یۆرۆ داھاتی دەکرد.

 

بایۆنتێک و فایزەری ھاوبەشی، تاکو ئێستا زیاتر لە یەک ملیار ژەم ڤاکسینی کۆرۆنایان بۆ زیاتر لە ١٠٠ وڵات دابین کردووە.