هەولێر-KDP.info- بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوو بەشی کۆتاییی شەقامی ١٢٠ مەتریی ھەولێر بکرێتەوە و سەرپەرشتیاری پڕۆژەکەش دەڵێ، بە درێژاییی ١١ کلیۆمەتر لە جادەی مووسڵ بۆ جادەی کەرکووک دەکرێتەوە.
ئەندازیار سەرتیپ قادر، سەرپەرشتیاری شەقامی ١٢٠ مەتریی ھەولێر، بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کارکردن لە بەشی کۆتاییی شەقامی ١٢٠ مەتریی ھەولێر بەرەو کۆتاییە و بڕیارە لە ڕۆژانی داھاتوو ئەو بەشەی ماوە بە یەکجاری بە ڕووی ھاووڵاتییاندا بکرێتەوە بۆ ھاتوچۆکردن."
سەرپەرشتیاری شەقامی ١٢٠ی مەتری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەو بەشەی ماوە لە شەقامی مووسڵەوە دەست پێ دەکات بۆ ڕێگای کەرکووک، بە درێژاییی ١١ کیلۆمەترە و ئێستا ئامادەکاری بۆ کردنەوەی دەکرێت و ناگەینە سەری ساڵ دەکرێتەوە."
ئەندازیار سەرتیپ قادر دەڵێت: "شەقامی ١٢٠ مەتری لەسەر بنەمای ستانداردی جیھانی بە شێوەیەکی ئەندازەییی پێشکەوتوو دروست کراوە و ھەموو خزمەتگوزارییەکی تێدایە، لەوانە جوانکاری و ھێماکان و لەبەرچاوگرتنی سەلامەتیی شۆفێران."
قائید میرۆ