بەغدا-KDP.info- سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا گوتی، كورد بۆ بەشداریكردن لە حكوومەت و دەنگدان بە كابینەكەی عەللاوی سێ مەرجی هەیە، ئەوانیش شەراكەت و تەوافوق و هاوسەنگین، بۆیە ئەگەر داواكارییەكانی كورد قبوڵ بكات، دەنگی پێ دەدەین، بە پێچەوانەوە دەنگی پێ نادەین و تا ئێستاش كورد و سوننە و زۆرینەی شیعەش پێی رازی نین، لەبەر ئەوە ئەستەمە بەو شێوەیە دەنگ بە كابینەكەی بدرێت.
فارس عیسا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "دانوستانەكان بەردەوامن و تا ئێستا ئێمە بە كابینەی نوێ رازی نین، ئەگەر داواكارییەكانی كوردیش جێبەجێ بكرێن، دەنگی پێ دەدەین و بە پێچەوانەشەوە ڕەتی دەكەینەوە".
عیسا گوتیشی: "ئێمە وەكو كورد سێ مەرجی سەرەكیمان هەیە بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتی نوێی عێراق، ئەوانیش شەراكەت و تەوافوق وهاوسەنگین، ئەویش تا ئێستا بەوانە رازی نییە، هەر بۆیە ناوی وەزیری كوردی دیاری نەكردووە و بە بەتاڵی ماونەتەوە و دەیەوێت بەپێی مەرجەكانی خۆی دیارییان بكات، ئێمەش ئەوە ڕەت دەكەینەوە".
ناوبراو باسی لەوەش كرد: "ئەگەر حكوومەتی نوێ داواكارییەكانمان قبوڵ بكات، دەنگی پێ دەدەین و ئەگەر قبوڵیشیان نەكات، دەنگی پێ نادەین، تا ئێستاش كورد و سوننە و زۆرینەی شیعەش رازی نین، بۆیە ئەستەمە كابینەكەی دەنگی پێ بدرێت و پەسەند بكرێت".
بڵند ئیبراهیم