ههولێر -KDP.info- بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆسەی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان بچێتە بواری جێبەجێکردن و بڕیاردەری لیژنەی شارەوانیەکانیش لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، وەزارەتی ناوخۆ و شارەوانی، لیژنە بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەکە پێک دێنن.
نزار مەلا غەفار، بڕیاردەری لیژنەی شارەوانیەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "یاسای ژمارەی ٣ی ساڵی ٢٠١٩ سەبارەت بە تاپۆکردنی ئەو خانوانەی لەسەر زەویی زێدەڕۆ دروست کراون، تەنھا لەسەر ھەماھەنگیی نێوان وەزارەتی شارەوانی و ناوخۆ ماوە بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی قەزا و ناحیە و پارێزگاکان ژمارەیەک لیژنە پێک بێن تا دەست بە وەرگرتنی سکاڵای ھاووڵاتیان بکرێت بۆ بەخاوەنکردنی خانووەکانیان.
بڕیاردەری لیژنەی شارەوانیەکان گوتیشی: "بەگوێرەی ماددەی ١٢ی یاساکە، ئەو یاسایە بۆ ماوەی سێ ساڵ کاری پێ دەکرێت و دوای سێ ساڵ کاری پێ ناکرێت و ھیچ خانوویەک تاپۆ ناکرێت، کە بەزێدەڕۆ دروست کرابێت."
پەیوەست بە ژمارەی ئەو خانووانەی سوودمەند دەبن لە جێبەجێکردنی یاساکە، نزار مەلا غەفار، جەختی کردەوە: "تا ئێستا ئاماری فەرمی لەبارەی ژمارەی خانووە زێدەڕۆکان لەبەردەستدا نییە، بەڵام مەزندە دەکرێت ژمارەیان لەنێوان ٢٥٠ تا ٣٠٠ ھەزار خانوو بێت و بە تاپۆکردنیان خەڵکێکی زۆر سوودمەند دەبێت."
قائید میرۆ