سلێمانی-KDP.info - وەزیرى تەندروستیى هەرێم ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ حاڵەتێکى کۆرۆنا تۆمار نەکراوە و سەرجەم ئەو ١٢ هاووڵاتیەى کە گومانیان لێ دەکرا تووشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بووبن لەپاش پشکنین پاک دەرچوون.
ئەمڕۆ، شەممە ٢٩-٢-٢٠٢٠، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ چاودێریی ڕێوشوێن و ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆرنا، نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکانی شاری سلێمانیی بەسەر کردەوە.
سامان بەرزنجى، لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیدا لە سلێمانى ڕایگەیاند، لە سەرجەم ناوچەکانى هەرێمى کوردستاندا ١٦ خاڵى پشکنین دانراوە بۆ پشکنینى ئەو کەسانەى دێنە ناو هەرێمى کوردستانەوە.
وەزیری تەندروستی ڕایشیگەیاند، لە هەرشوێنێک کەموکورتى هەبێت ڕێکارى یاسایی بەرامبەرى دەگیرێتە بەر و ئەو هاووڵاتیانەشى دێنە ناو هەرێم فۆڕمێکى تایبەتیان پێ پڕ دەکرێتەوە.
ئاماژەى بەوەش کرد، داواکارن لە هاووڵاتیان لەپێناو پاراستنى تەندروستیى گشتیدا لە ناساندنى ئەو کەسانەى بە شێوەى نایاسایى لە وڵاتى ئێرانەوە گەڕاونەتەوە ناو هەرێم هاوکاریان بن.
ھەڵکەوت محەمەد