شاندی پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتیی کرد

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-01 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هه‌ولێر-KDP.info-  هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز باپیر کامەلا، سکرتێری گشتیی پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان و شاندی یاوەری کرد، کە پێک هاتبوو لە ساڵح کاکەیی و محەمەد کامەلا سلێمان، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی. بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی بەخێرهاتنی بەڕێزیانی کرد و باس لە باردۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەگشتی و ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان لەنێو ئەو باردۆخە نەخوازراوەی کە لە ئارادایە کرا. بەڕێز سیوەیلی باسی لە گرنگیی یەکدەنگی و یەکهەڵوێستیی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە و پاراستنی قەوارەی سیاسی و یاساییی هەرێمی کوردستان.

بەڕێز باپیر کامەلا سوپاسی ئەو پێشوازیەی کرد و دووپاتی لە پێویستی لە هەڵوێستی یەکدەنگی کردەوە و ڕایگەیاند، کە پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو گەورەترین پارتی سیاسی و دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان بەرپرسیاریەتیی زیاتری لەسەر شانە و پێویستە بەردەوام بێت لە سەرکردایەتیکردنی شاند و دانوستانەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ و لایەنە سیاسیەکانیش دەبێت هاوکار و هەماهەنگ بن. بەڕێز کامەلا سکرتێری گشتیی پارتی کرێکاران و ڕەنجدەران باردۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکەی بە هەستیار و وەسف کرد و گوتی: "ئەو ڕووداوانەی کە لە ناوچەکە دەگوزەرێن وا دەخوازێت کە گەلی کوردستان لەم قۆناغەدا بە بەرپرسیاریەتیی زیاترەوە ماڵی خۆی ڕێک بخات و هەوڵی یەکدەستی بدات بۆ تێپەڕاندن و لەدەستنەدانی دەستکەوتەکان و بەردەوامبوون لە بەدەستهێنانی ئامانجەکان.'

بەشێکی دیکەی گفتوگۆی نێو ئەو دیدارە لەسەر باردۆخی ڕۆژئاوای کوردستان، سووریا و باشوور و ناوەڕاستی عێراق بوو، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، بۆیە دەبێت هەمووان پێکەوە ڕووبەڕووی ببینەوە و شانی بەرپرسیاریەتی بدەینە ژێر و هاوکاریی تەواوی حکوومەتی هەرێم و سەروکایەتیی هەرێم بکەین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ باردۆخەکە.