هەولێر-KDP.info- وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەنگۆیەکی نێو سۆشیال میدیا سەبارەت بە هۆکاری گۆڕینی ناوی قوتابخانەیەک ڕەتدەکاتەوە و روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە، ئەمەش دەقی روونکردنەوەکەیە:
هەندێک پەیج لە سۆشیال میدیا دەنگۆیەکیان بڵاوکردۆتەوە کە بەڕێز وەزیری پەروەردە ناوی قوتابخانەی قەندیل ی لەسەر داوای کۆنسوڵی دەوڵەتێک گۆڕیوە بۆ قوتابخانەی چێنەر، ئەم هەواڵە بێ بنەمایە و ئامانجەکانی پشتی ئەو پڕوپاگەندانە ڕوونن، بەکورتی:
۱ـ گۆڕینی ناوی قوتابخانە لە دەسەڵاتی بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەیە نەک وەزیر.
۲ـ کاتێک وەزیری پەروەردە ئەو هەواڵەی بیست، لە هۆکارەکەی کۆڵییەوە، دوو قوتابخانە بەناوی قەندیل هەیە، لەبەر ئەوە ناوەکەی گۆڕدراوە، بەڕێز وەزیری پەروەردە فەرمانیکرد کە ناوی قەندیل بۆ ئەو قوتابخانەیە بگەڕێننەوە و قوتابخانەکەی دیکەش کە دەکەوێتە گوندی قەندیل ناوەکەی بکرێت بە قوتابخانەی گوندی قەندیل.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە