سەرۆك وەزیرانی عێراق لەسەر بانگهێشتی سەرۆک کۆماری ئێران بەرێکەوت

دوایین نوێکردنەوە 2021-09-12 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

سەرۆک وەزیرانی عێراق بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 12-9-2021 لەسەر بانگهێشتی سەرۆک کۆماری ئێران به‌سه‌ردانێكی فه‌رمی بەرەو تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە بەرێکەوت.

لەمبارەیەوە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ لەسەر بانگهێشتی فەرمی سەرۆک کۆماری ئێران ئیبراهیم رەئیسی، کازمی بەغدای بەجێهێشت و بەرەو تارانی پایتەخت بەڕێکەوت، بۆ کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە پەیوەست بە دۆسیەکانی هەردو وڵاتەوە.

هاوكات موستەفا کازمی بەر لە بەڕێکەوتنی لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "سەردانەکە بەئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییە دوقۆڵییەکان و کردنەوەی زیاتری دەرگای هاوکاریە لەبوارە جیاجیاکاندا و تیشک خستنەسەر قوڵایی پەیوەندیی نێوان هەردو وڵاتی دۆستە".

ئاماژەی بەوەش كرد: عێراق بە پتەوکردنی شەراکەتی ستراتیژی بە پێی بنەماکانی پشتگیری سەقامگیری و هاوکاری و دۆستایەتی، لە پێناو چەسپاندنی بنچینەکانی ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا سەرکەوتو بوە.

شایەنی باسە لەو سەردانەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لەسەرکردەکانی ئێران کۆدەبێتەوە و تاوتوێی دۆسیەی بەرژەوەندیی هاوبەش و هەوڵەکانی پشتیوانیی دەکەن بۆ بڵاوکردنەوەی گەشەپێدانی بەردەوام و لەپێناو بەرژەوەندی گەلی عێراق و ئێران و هەروەها هاوئاهەنگی دوقۆڵی.