سەرۆکی دەزگای ئاسایشی عێراق: رێگا بە داعش نادەین یاریی بە ئاسایشی عێراق بکات

دوایین نوێکردنەوە 2021-09-12 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

ديجيتاڵ ميدياى سپێده‌ سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، عەبدولغەنی ئەسەدی: "پێویستە سەرجەم ھەوڵەکان لە پارێزگای کەرکووک چڕتر بکرێنەوە بە ئامانجی رەخساندنی ژینگەیەکی ئارام بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان".

میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، عه‌بدولغەنی ئەسەدی لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ پارێزگای کەرکووک لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، راکان سەعید جبوری کۆبووەتەوە و دوای کۆبوونەوەکەیش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەش ساز کراوە.

میدیاکان ئاماژەیان بەوەداوە، عەبدولغەنی ئەسەدی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییدا ئامانجی سەردانەکەی بۆ پارێزگای کەرکووک خستووەتەڕوو و گوتوویەتی: "ئامانج لە سەردانەکەمان بۆ کەرکووک، تاوتوێ کردنی پێشھاتە ئەمنییەکان و چۆنیەتی چارەسەرکردنی رەوشەکەیە، ئەوەیش لە میانی ھەماھەنگیی نێوان ھێزە ئەمنیی و ھەواڵگرییەکان".

راشیگەیاندووە: "لە نزیکەوە چاودێریی دوایین ئامادەکارییەکانی تایبەت بە پاراستنی بنکە و ناوەندەکانی دەنگدان لە پارێزگای کەرکووک دەکەین، جگە لەوەیش ئامادەین ھاوکاری لە سەرجەم بوارەکاندا بە ئامانجی سەرخستنی ھەڵبژاردنەکان پێشکەش بکەین".

ئەسەدی جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە سەرجەم ھەوڵەکان لە پارێزگای کەرکووک چڕتر بکرێنەوە بە ئامانجی رەخساندنی ژینگەیەکی ئارام بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان.

هه‌روه‌ها عەبدولغەنی ئەسەدی باسی لەوە كردووە کە پێشێلکارییەکانی ئەم دواییە کە لە پارێزگای کەرکووک روویانداوە، جگە ھەوڵێکی بێھودەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ ئەوەی بوونی خۆی لە رووی راگەیاندنەوە بسەلمێنێت، ھیچ دیکە نییە و گوتوویەتی: "رێگا نادەین دووبارە تیرۆریستانی داعش بگەڕێنەوە گۆڕەپان و رێگایشیان پێ نادەین یاریی بە ئاسایشی عێراق بکەن".

هەروەها ئاشکرای کردووە کە لەئێستادا، ئۆپەراسیۆن بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی داعش لە ژمارەیەک ناوچەی عێراق ئەنجام دەدەرێت کە لە میانیدا تا ئێستا ژمارەیەک تیرۆریست کوژراون و ژمارەیەکی دیکەیش دەستگیرکراون.

ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، عەبدولغەنی ئەسەدی بەمەبەستی ئاگاداربوون لە پلانی ئەمنی تایبەت بە پاراستنی بنکە و ناوەندەکانی دەنگدان، گەیشتە پارێزگای کەرکووک.