وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، شۆڕش ئیسماعیل: "پەیوەندییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە".
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە، شۆڕش ئیسماعیل بە یاوەری سوپاسالاری پێشمەرگە، فەریق جەمال محەمەد و ژمارەیەک لە فەرماندە سەبازییەکان لەگەڵ فەرماندەی لیواکانی ۱ و ۹ و ۱٦ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبووەتەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، فەرماندەی لیوای ۱٦ی پیادە، عەمید روکن رێبوار رایگەیاندووە: "وەک هەمیشە هێزی پێشمەرگەی کوردستان ساز و ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پاراستنی خاکی کوردستان".
دواتر لە گوتەیەکیدا، فەرماندەی میحوەری ٤ی کەرکوک-گەرمیان، لیوا هیوا، هیوای خواستووه کە تەواوی هێزەکان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە کۆببنەوە و رایگهیاندووه: "ئەمەش خواستی تاک بەتاکی پێشمەرگە، فەرماندە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییشە".
وەزارەتی پێشمەرگە راشیگەیاندووە، وەزیری پێشمەرگە لە گوتارێکیدا بۆ فەرماندە و ئەفسەرانی هەر سێ لیواکە، جەختی کردووهتەوە لەسەر پابەندبوونی زیاتری سەربازییانە و رایگهیاندووه: "سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام لە هەوڵی چارەسەکردنی کەموکوڕی و گرفتەکانتانن و دڵنیابن، هەنگاو بە هەنگاو دەچینە پێشەوە و سبەی لە ئەمڕۆ، باشتر دەبێت".
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە فەریق جەمال محەمەد لەسەر دوایین هەنگاوەکان و کاری سەنتەری هەماهەنگیی ئەمنیی هاوبەش لەنێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە، ئاشکرای کردووە کە لەگەڵ عێراق هەنگاوی باش چوونەتە پێشەوە و دوای پێکهێنانی دوو بنکەی سەرەکیی هەولێر-بەغدا و چوار بنکەی ناوەندیی هاوبەش، کاردەکەن بۆ لێك نزیکبوونەوەی زیاتر.