هۆشیار سیوه‌یلی: سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌ هه‌وڵه‌ دیپلۆماسییه‌كانی به‌رده‌وامه‌

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-02 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هه‌ولێر-KDP.info-  به‌رپرسی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، سه‌ردانه‌كانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت بۆ وڵاتان به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ هه‌وڵه‌ دیپلۆماسییه‌كانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت كە ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاتان باش بێت و ئۆردنیش خۆی ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ هه‌رێم باشتر بكات و په‌یوه‌ندیی هه‌رێم و وڵاتی ئۆردن په‌یوه‌ندییه‌كی مێژووییه‌ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می بارزانی نەمر.

هۆشیار سیوه‌یلی، به‌رپرسی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "سه‌ردانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ وڵاتی ئۆردن زۆر گرنگه‌ و به‌شێكه‌ له‌و هه‌وڵه‌ دیپلۆماسیانه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌سه‌ری به‌رده‌وامه‌ و دوای سه‌ردانی سه‌ركه‌وتووی میونیخ دێت و ئه‌مه‌ش سه‌ردانێكی دیكه‌یه‌، كه‌ ئۆردن په‌یوه‌ندیی باشی له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و ئۆردن یه‌كێكه‌ له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی مێژووییی له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیی پارتی و بارزانی و سه‌ركردایه‌تیی كورد به‌گشتی هه‌یه‌، بۆیه‌ گرنگه‌ په‌ره‌ به‌و په‌یوه‌ندییانه‌ بدرێت."

هۆشیار سیوه‌یلی گوتیشی: "ئه‌و سه‌ردانه‌ له‌ ڕووی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوورییەوە گرنگی و سوودی زۆری هه‌یه‌ و به‌تایبه‌ت عێراق پێویستی به‌ هاوكاریی نێوده‌وڵه‌تیی وڵاتانی دراوسێ هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌م سه‌ردانه‌ بۆ هه‌موو عێراق سوودی زۆری ده‌بێت، چونكه‌ ئۆردن له‌چاو هه‌ندێك وڵاتی دیكه‌ی ناوچه‌كه،‌ وڵاتێكی گرنگه‌."

سیوه‌یلی باسی له‌وه‌ش كرد: "لە پێش ساڵی 2003وه‌ ئۆردن په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه‌ و هه‌ر زووش كونسووڵخانه‌ی خۆی له ‌هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌ و شا عه‌بدوڵڵاش په‌یوه‌ندییه‌كی به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی هه‌بووه‌ و له ‌شه‌ڕی داعشیشدا هاوكار بووه‌ و ڕۆڵێكی باشی هه‌بووه‌، بۆیه‌ ئۆردن پێی خۆشه‌ په‌یوه‌ندیی باشی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت."

بڵند ئیبراهیم