دیجیتال میدیای سپێده
شەوی رابردو چەکدارانی رێکخراوی داعش هێرشیانکردەسەر بازگەیەکی هێزە ئەمنییەکان لە ناحیەی عوزێمی سەر بە قەزای خاڵس لە پارێزگای دیالە، لەئەنجامی هێرشەکەشدا سێ سەرباز کوژران و سەربازێکی دیکەش برینداربوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی سەر بە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی پارێزگای دیالە بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، شەوی رابردو چەکدارانی رێکخراوی داعش بازگەیەکی هێزە ئەمنییەکانیان لەناحیەی عوزێمی سەر بە قەزای خاڵس کردوەتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەئەنجامی هێرشەکە خاڵێکی پشكنین كەوتوەتە دەست داعش و سێ سەربازی تێدا بوە، هەرسێكیان كوژراون، هەروەها سەربازێکی دیکەش لەو سنورە برینداربوە.
لەعێراق ماوەی چەندین مانگە جموجۆڵی چەکدارانی داعش زیادیکردوە بەتایبەت لە سنوری ناوچە کێشەلەسەرەکان، بەرپرسانی پێشمەرگەش دەڵێن بەهۆی نەبونی هەماهەنگیی هێزە ئەمنییەکان و بونی بۆشایی ئەمنی، داعش لەچەند ناوچەیەکدا جموجۆڵەکانی زیادکردوە و زیانی بە هێزە ئەمنییەکان گەیاندوە، ئەوە جگە لەوەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە روبەڕوی مەترسی بونەتەوە.