سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی شورای ئێران کۆبووەوە

دوایین نوێکردنەوە 2021-09-13 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌


سەرۆک وەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی شورای ئێران، محەمەد باقر قالیباف کۆبووەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، مستەفا کازمی کە بەسەردانێکی فەرمی لە تاران پایتەختی ئێرانە، لەگەڵ محەمەد باقر قالیباف کۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە میانی دیدارەکەدا کە لە بارەگای ئەنجوومەنی شورای ئێران بەڕێوەچوو، باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پەرەپێدان بە هەماهەنگی هاوبەش لە بوارە جیاجیاکاندا کراوە.

هەر لە میانی دیدارەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی جەختی لە پەرەپێدان بە پەیوەندیی هامەهەنگی و هاوبەشی بەردەوام لەگەڵ ئێران کردووەتەوە، هەروەها باسی لە کرانەوە بە ئاراستەی بەهێزکردنی هەماهەنگی ئابووریی و بوارەکانی دیکە کە سەقامگیریی ناوچەکە بەهێزتر بکات، کردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا باس لە دۆسییەکانی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی کە جێی بایەخی هاوبەشن لەگەڵ هەماهەنگیی دوو لایەنە کراوە.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بە سەردانێک گەیشتبووە شاری تاران پایتەختی ئێران.

کازمی لە میانی سەردانەکەیدا لەگەڵ هەریەک لە سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی و جێگری یەکەمی سەرکۆماری ئێران، محەمەد موخبر و سکرتێری گشتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، عەلی شەمخانی کۆبووەوە.