ئیتاڵیا 100 ھەزار دۆز ڤاکسینی کۆرۆنای پێشکەش بە عێراق کرد

دوا نوێکردنەوە: 2021-09-13 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

حکوومەتی ئیتاڵیا لە چوارچێوەی (COVAX)، 100 ھەزار دۆز ڤاکسینی کۆرۆنای پێشکەش بە وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق کرد.

وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، کاروانێکی ڤاکسینی کۆرۆنا کە 100ھەزار دۆزە، لەلایەن حکوومەتی ئیتاڵیاوە بە ھامەھەنگیی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیھانیی لە چوارچێوەی (COVAX) بە ئامانجی پاڵپشتیی کردن لە ھەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، پێشکەش بە حکوومەتی عێراق کراوە.

بەپێی راگەیەندراوەکە ئەو 100 ھەزار دۆز ڤاکسینە، لە رێورسمێکدا بە ئامادەبوونی باڵیۆزی ئیتاڵیا لە بەغدا، برونۆ ئەنتۆنیۆ باسکۆینۆ رادەستی وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق کراوە.

ئەمەیش لە کاتێکدایە تا ئێستا، چوار ملیۆن و 64 ھەزار و 600 کەس لە عێراق، دۆزی یەکەم و دووەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە.