دیجیتاڵ میدیای سپێده
ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق، چوار کەسیان بەتۆمەتی دڕاندنی پۆستەرەکانی کاندیدانی ھەڵبژاردنەکان لە بەغدا دەستگیر کرد.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە بۆ جێبەجێ کردنی فەرمانەکانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەیی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، مستەفا کازمی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، فەریق روکن ئەحمەد سەلیم فەرمانی بە ھێزە ئەمنییەکان کردووە، ئەو کەسانەی کە ھەوڵ دەدەن لە رێگهی دڕاندنی پۆستەرەکانی بانگەشەی کاندیدانی ھەڵبژاردنەکانهوه، زیان بە پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان بگەیەنن، دەستگیر بکەن.
باس لەوەش کراوە کە ھێزەکانی لیوای پێنجی پۆلیسی فیدراڵیی، چوار کەسیان بەتۆمەتی دڕاندنی ژمارەیەک پۆستەری بانگەشەی کاندیدانی ھەڵبژاردنەکان لە ناوچەی رەحمانییە بەشی کەرخ رۆژئاوای بەغدا، دەستگیر کردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، دەستگیرکراوەکان رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ ئەوەی بەپێی یاسا سزای خۆیان وەربگرن.
پێشتر کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان رایگەیاندبوو، ھەر کەسێک بەتۆمەتی ھێرش کردنە سەر گردبوونەوەکانی تایبەت بە بانگەشەکانی ھەڵبژاردنەکان دەستگیر بکرێت، بەند دەکرێت یان سزای دارایی دەدرێت و ئاشکراشی کردبوو، سزای بەند کردنەکە لەنێوان یەک مانگ بۆ یەک ساڵ دەبێت و سزا داراییەکەیش لە یەک ملیۆن دینار بۆ پێنج ملیۆن دینار دەبێت.