بودجە بۆ راكێشانی بۆری ئاو بۆ گەڕەكیكی سلێمانی دابین دەكرێت

دوایین نوێکردنەوە 2021-09-13 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

 

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان رەزامەندیی نیشاندا لەسەر دابینكردنی بودجەی راكێشانی ئاو بۆ گەڕەكی راپەڕینی سلێمانی. وەزیری شارەوانیش جەخت دەكاتەوە، خزمەتگوزاری دەگەیێننە هەموو ئەو شوێنانەی پێویستیان بە پرۆژە هەیە.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان لە نووسراوێكدا بۆ پاریزگاری سلێمانی رایگەیاندووە، رازین بە جێبەجێكردنی پرۆژەی دروستكردنی راكێشانی بۆری ئاو بۆ 39 یەكانی نزیك فڕۆكەخانەی سلێمانی لە گەڕەكی راپەڕین بە گوژمەی 406 ملیۆن و 240 هەزار و 500 دینار بەپێی رێنمایی ژمارە 2ـی ساڵی 2016ـی وەزارەتی پلاندانان بۆ جێبەجێكردنی گرێبەستە حكومەییەكان.

لای خۆشیەوە ساسان عەونی وەزیری شارەوانیی و گەشتوگوزار لە راگەیەنراوێكدا هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانی دڵنیاكردوەتەوە، كە لە سەر راسپاردەی سەرۆكی حكومەت خزمەتوزاری دەگەیەنرێتە هەموو شوێنەكانی كوردستان.

جەختیشی كردوەتەوە، "ئامانجی حكومەتی هەرێمی كوردستانە خزمەتگوزاری بگەیێنێتە هەموو ئەو شوێنانەی پێویستیان بە پرۆژە و خزمەتگوزاریی هەبێت، ئێمەش وەك وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هەموو هەوڵەكانی خۆمان بۆ ئەو بابەتە چڕكردووەتەوە تاوەكو باشترین خزمەتگوزاریی پێشكەشی هاووڵاتییان بكەین".